منداڵی تەندروست و گەشەكردوو چۆن دەبێت؟

:: AM:11:38:05/08/2021 ‌
كاتێك بیر لە كار و چالاكیی ئەرێنی بۆ منداڵەكەت دەكەیتەوە، ڕەنگە یەكسەر مەلەكردن بە مێشكدا نەیەت، بەڵام بزانە مەلە سوودی زۆری بۆ منداڵ هەیە. كاریگەری ئەرێنی لە حەوزی مەلەكردندا بۆ منداڵ، دەتوانێ لە باری دەروونی و جەستەییەوە سوودی زۆری هەبێت، بۆیە باوەڕمان وایە لە یارمەتیدانی زیاتری منداڵەكانتان، ئاستی گەشەیان بەرز بكەنەوە و منداڵ فێری ئەو توانا بنەڕەتییە مەلەیە بكەن كە پێویستیانە.

سەرسوڕهێنەرە؟ 

ئێمە بینیمان چۆن وانەی مەلەكردن یارمەتی گەشەی كەسایەتیی منداڵ دەدات لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە، ئەو منداڵانەی مەلە دەكەن جەسەتەیەكی توندوتۆڵ و گەشەیان خێرایە. 

توێژینەوەیان لەسەر حەوت هەزار منداڵ كردووە كە لە خوار تەمەن پێنج ساڵیدان


 توێژەر ڕۆبن جۆنس و هاوڕێكانی توێژینەوەیان لەسەر حەوت هەزار منداڵ كردووە كە لە خوار تەمەن پێنج ساڵیدان، لە چەند وڵاتێك وەك ئوسترالیا و نیوزلەندا و ئەمەریكا بۆ ماوەی سێ ساڵ، لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیەدا دەركەوتووە ئەو منداڵانەی بەشدارییان لە مەلەكردن كردووە، لە تەمەنێكی كەمدا توانای جەستەیی و فیكری و ئاستی گەشەسەندن و فێربوونیان خێراترە. توێژینەوەكە ئەوەی سەلماندووە ئەو منداڵانەی لە ژینگەیەكی باشتردا گەورە دەبن، ئاستی گەشەسەندنیان باشترە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم ئەو منداڵانەی مەلەیان كردووە، لەچاو ئەو منداڵانەی مەلەیان نەكردووە بە تواناتر دەردەكەون.

  ئەو هۆكارانەی وات لێ دەكات منداڵەكەت فێری مەلەوانی بكەیت ئەمانەن:

مەلەكردن وەرزشێكی نایابە، منداڵەكەت فێری مەلە كردن بكە و بەشداری پێ بكە لە وانەكانی فێربوونی مەلەكردن، بەم شێوەیە دڵخۆش دەبن و هەست دەكەن كە بۆ ڕۆژێكی نوێ شتێكیان ئەنجام داوە،  هەروەها دەتوانێ یارمەتی كەمكردنەوەی سترێس بدات، منداڵان دەتوانن بە خۆخستنە ناو حەوزەوە هەندێك لە فشار و بێهیوایی خۆیان دەربكەن. ئەگەریش وا ڕوو بدات كە یارییەك بكەن یان لە هەندێك چالاكی تری خۆشی و تایبەت بە حەوزدا ڕۆڵ بگرن، ئەو چێژەی لە ئاودا بە دەست دەهێنن، دەتوانێ یارمەتییان بدات بۆ دەركردنی هەندێك لەو بیركردنەوە نەرێنییانەی كە منداڵان هەیانە.

وانەكانی مەلەكردن دەرفەتێكە بۆ بنیاتنانی كارامەیی كۆمەڵایەتی:

بەپێی ئەوەی كاتێك منداڵەكەت سەردانی حەوزەكە دەكات، رەنگە هەندێك منداڵی تر لەوێ لە ئاودا بپرژێن، رەنگە یاری بكەن، جۆرەكانی یاریی مەلەكردن دەتوانێ دەرفەتێك بۆ منداڵەكەت بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی زیاتر لە دەوری منداڵانی تر ئاسوودە بێت، یارمەتی بدات لە گەشەپێدانی كەسایەتییان. كاتێك منداڵەكەت مەلە دەكات، لەگەڵ منداڵەكانی تر كارلێك دەكات، ئەمەش وادەكات منداڵەت لە گۆشەگیری دوور بكەوێتەوە. 

وانەی مەلەكردن دەتوانێ یارمەتی ئەو منداڵانە بدات كە زۆرجار تووشی دڵەڕاوكێ دەبن:

جێی ئاماژەیە، وانەی مەلەكردن ڕەچەتەی دڵەڕاوكێ نییە لە پڕێكدا چارەسەری ئەو منداڵەی كە تووشی ئەم دۆخە بن ناكات، بەڵام دەتوانێ یارمەتیی منداڵەكە بدات بۆ باشتر بەڕێوەبردنی. ئەگەر منداڵێك بە نیگەرانییەوە خۆی بباتە ناو ئاوەكەوە، ترسی ئەوەی هەیە لێی نزیك ببنەوە، ترسی ئەوەی هەیە ئەگەر روداوێك روو بدات، وانەی مەلەكردن دەتوانێ یارمەتی منداڵ بدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ترسە، گرنگە ڕێ بە منداڵانی دڵەڕاوكێ بدەن كە خۆیان لە حەوزەكەدا مەلە بكەن و دایك و باوك و مامۆستا كاتێك منداڵێك لە یەكەم هەنگاوەكانی خۆی بۆ ناو ئاو دەبات و دەست دەكات بە فێربوونی تەكنیكی بنەڕەتی مەلەوانی، دەتوانن متمانە بە تواناكانیان بكەن بۆ ئەوەی لە دەوروبەری ئاودا پارێزراو بن.

وانەی مەلەكردن دەتوانێت ئەزموونی ئەرێنی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابین بكات:

منداڵانی خاوەنی پێداویستی گەشەسەندوو یان فكری، لەوانەیە وەك منداڵەكانی تر نەتوانن مەلە بكەن . بۆیە دەكرێ وانەی مەلەكردن ڕێیەكی زۆرباش بێت بۆ ناساندنیان بە ئەزموونێكی نوێ، ئەوانیش لەو وەرزشە رۆحی و جەستەییە بێبەش نەبن، بەڵام پێویستیان بەكات و راهێنانی تایبەت هەیە.

ئامادەكردنی: شۆخان رەشید          


وشە - وشه‌