ڕووسیا هێرش دەكاتە سەر بنكەیەكی سەربازیی توركیا

:: PM:02:19:05/08/2021 ‌
ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕای گەیاندووە، ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ڕووسیا، لە شاری ئیدلبی باكوری سووریا، بۆردمانی جەبەل ئەلزەوییەیان كردووە كە تێیدا بنكەی سەرەكی هێزەكانی سوپای توركیای لێیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی ئاب، هێرشی ڕووسیا چەند شوێنێكی دەوروبەری شارۆكەی ئەلبەرای لە نزیك بنكەی گەورەی سەربازیی سوپای توركیا گرتووەتەوە، بێ ئەوەی ڕاپۆرتی قوربانییان ئاشكرا بكرێت.

بەپێی سەرچاوەكانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، "هێزەكانی حكوومەتی سووریا چەند شوێنێكی دەوروبەری شارۆكەی تەقادیان لە ڕۆژئاوای حەلەب تۆپباران كردووە، هاوكات ئەو چەند بنكەیەكیشیان لە ڕۆژئاوای شاری حەما كردووەتە ئامانج، لە ناوچەكانی ژێر كاریگەریی حكوومەتیش تا ئێستە هیچ ڕاپۆرتێك لەبارەی كوژراو و بریندارەوە بەدەست نەگەیشتووە".

چاودێرانی ڕوانگەكە ئاماژەیان بەوە كردووە، هەڵكشانی ئاسمانیی فڕۆكە ڕووسییەكان لەسەر ناوچەی "پوتین - ئەدرۆغان" بەردەوامە كە ئەو ناوچەیەی ڕووسیا و توركیا بۆ هێوربوونەوە ڕێككەوتوون.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، چاودێری زیاتر لە حەوت بۆردمانی ئاسمانی فڕۆكە شەڕكەرەكانی ڕووسیای كردووە، كە دەوروبەری گوندەكانی ماسۆن، خەلفرە، میهریان و ئەلفرایان لە ناو جەبەل ئەلزەوییە لە باشووری ڕیفی ئیدلب بە ئامانج گرتووە، بەو هۆیەوە زیانی مادی بەر ناوچەكە كەوتووە بەبێ ئەوەی زانیاری لەسەر زیانە گیانییەكان بڵاو بووبێتەوە.

شایانی باسە فڕۆكە جەنگییەكانی ڕووسیا لە پاش نیوەڕۆی 29ی تەمووزدا، تۆپبارانی ناوچەی پوتین-ئەردۆغانیان نوێ كردەوە، كە زیاتر لە پێنج هێرشیان كردە سەر ناوچەكانی ئیشسا و مەرائیان لە جەبەل ئەلزەوییە و لە ئەنجامیاندا لانی كەم دەیان كەس بریندار بوون، هەروەها زیانی مادیی زۆریش بەر ناوچەكە كەوت.


وشە - محەمەد میران