پۆلیسی ئیسرائیل چوار كەس لە فەلەستینییە هەڵاتووەكانی گرت

:: PM:03:34:11/09/2021 ‌
پۆلیسی ئیسرائیل ئاشكرای كرد، لەو شەش گیراوەی لە گرتووخانەیەكی وڵاتەكە هەڵاتبوون، چواریان گیراون و هەموو هەوڵەكانیشیان بۆ ئەوە بەگەڕ خستووە تا دوو كەسەكەی تریش بگرن.

دوو لەو گیراوانە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەموو لە پاركینگدا گیران و دوێنێ هەینیش دووی تریان لە نزیك شاری ناسرییەی وڵاتەكە گیراون.

ئەوان لە ئاودەستی گرتووخانەكەوە زەوییان كون كردبوو


هەفتەی رابردوو كاتێك هەڵاتنی ئەو شەش كەسە لە میدیاكان بڵاو كرایەوە، بووە جێی سەرنجی میدیاكان و پێیان سەیر بوو چۆن دەكرێ لە یەكێك لە پتەوترین گرتووخانەكانی ئیسرائیل، كەسانێك بتوانن لێی دەرباز ببن. ئەوان لە ئاودەستی گرتووخانەكەوە زەوییان كون كردبوو و توانیبوویان تا دەرەوەی باڵەخانەكە تونێل لێ بدەن و پاشان هەڵبێن.

بەگوێری بی بی سی، كامێراكانی گرتووخانەكە لە سەعات 1:30 خولەكی بەرەبەیان وێنەی هەڵاتنی گیراوەكانی تۆمار كردبوو، بەڵام زەنگی ئاگاداركردنەوە لە سەعات چواردا لێ درابوو.

بەرپرسانی ئیسرائیل هۆكاری هەڵاتنی ئەوانیان بە كەمتەرخەمی و كێشەی تەناهیی خۆیان گەڕاندبووەوە. دەگوترێ لە كاتی هەڵاتنی ئەو گیراوانە، ئەو پۆلیسەی لە یەكێك لە تاوەرەكانی چاودێری لە ئەركدابوو، خەوی لێ كەوتبوو.

یەكێك لەوانەی گیراوە، زەكەریا زوبێدییە كە فەرماندەی پێشووی فەیلەقی شوهەدای ئەقسا بووە و بە لقی سەربازی فەتح هەژمار دەكرا. ئەو لە ساڵی 2019 گیرابوو، پێنج كەسەكەی تر ئەندامی گرووپی میلیشای جیهادی ئیسلامی بوون و بە زیندانیی تاهەتایی حوكم درابوون.



وشە - سلێمان تاشان