بۆ ئەوەی تەندروست بیت توێكڵی شووتی بخۆ

:: PM:12:55:12/09/2021 ‌
شووتی وەك میوەیەك، خەڵك بەگشتی و لەناو كوردیش بەتایبەتی، شووتی پاك دەكەین و ناوەوەی واتە سووراییەكەی دەخۆین و توێكڵەكەی فڕێ دەدەین یان دەیدەینە ئاژەڵ. كەچی پێگەیەكی ئەلیكترۆنیی پزیشكیی ئاشكرای كردووە، وێڕای سوودی شووتی بە گشتی، خواردنی توێكڵەكەیشی سوودی زۆری بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 12ی ئەیلوول، هەواڵەكەی لە پێگەی ئەلیكترۆنیی "هێڵس لاین"ی پزیشكی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، زۆرینەی میوەكان توێكڵەكانیان بۆ تەندروستیی مرۆڤ بە سوودن، كەچی لەناویاندا توێكڵی شووتی فڕێ دەدرێت، لەكاتێكدا بەپێی پێگە بەریتانییەكە، توێكڵی شووتی پڕە لە ڤیتامینی پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم كە زۆر بە سوودن.

زیاتر روونی كردووەتەوە كە ئەگەر بزانرێ توێكڵی شووتی سوودەكانی چین، ئەوكات دەكرێتە بەشێك لە پێداویشتییە خۆراكییەكان كە لەگەڵ ژەمەكاندا دەخورێت. بەپێی ئەو ڤیتامینانەی لە توێكڵی شووتیدا هەن، بەتایبەتی وەرزشكاران بایەخێكی زۆری پێ دەدەن كە پڕە لە ترشەڵۆكی ئەمینیی سیترۆلین، ئەوەش بە توندوتۆڵكردن و هێزی جەستەی مرۆڤ زۆر پێویستە.

سیترۆلین سوودێكی زۆری بە خوێن هەیە و رۆڵی گرنگی لە سووڕانەوەی خوێن لە دەمارەكاندا هەیە، هاوكات سوودی بۆ گەیشتنی ئۆكسجین بۆ ماسولكەكان هەیە و بەهێزتری دەكات، هەموو ئەمانە لە توێكڵی شووتیدا بەرجەستەن.

دواتریش پێگەكە ئاماژەی بەوە داوە كە سوودەكانی توێكڵی شووتی بۆ كەسانی بەساڵاچوو زۆر گرنگە، بەتایبەتی مرۆڤ لەو قۆناغەدا تووشی قەڵەویی و زۆرجاریش تووشی پاڵەپەستۆی خوێن دەبێت، تەواوی ڤیتامینەكانی كە لە توێكڵی شووتیدا هەن، بۆ ئەو جۆرە نەخۆشییانە بە سوودن. لەگەڵیدا سوودی بۆ ریخۆڵەكان هەیە و مرۆڤ لە نەخۆشیی قۆڵۆن دوور دەخاتەوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د