شارەزایان: سێیەم ژەمی ڤاكسین بۆ هەمووان پێویست نییە

:: PM:09:32:14/09/2021 ‌

لە ماوەی رابردوودا باسی ئەوە كرا كە بۆ تەواوبوونی كاریگەریی ڤاكسین و تۆكمەبوونی توانای بەرگری لەشی مرۆڤ، وا پێویست دەكات دوای هەشت مانگ لە ژەمی دووەم، ژەمێكی تر وەربگیرێت، زانایان دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو ژەمە بۆ هەموو خەڵكێك پێویست نییە.
ئەو بەرگرییەی دوو ژەمەكەی ڤاكسین دروستی دەكات، مرۆڤ لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەپارێزن
وەك رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی باسی كردووە، كۆمەڵێك لە زانایانی نێودەوڵەتی، لەوانە زانایانی لە دەزگای خۆراك و دەرمانی ئەمەریكا و رێكخراوی تەندروستی جیهانی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە هیچ بەڵگەیەك نییە بەوەی پێویست بە وەرگرتنی سێیەم ژەمی ڤاكسین بۆ هەموو كەسێك بكات.

ئەو گرووپە كە لە 18 زانا پێك هاتووە، دەڵێن، ئەو بەرگرییەی دوو ژەمەكەی ڤاكسین دروستی دەكات، دەتوانێت مرۆڤ لە كاریگەرییە بەهێزەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزێت، ئەو بەرگرییەیشی سێیەم ژەم دروستی دەكات سوودەكەی لەوە زیاتر نابێت ئەگەر ئەو ژەمە وەك ژەمی یەكەم بۆ چەندان ملیار كەس بەكار بێت كە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە.

زانایان گوتیان، رەنگە سێیەم ژەم سوودی بۆ هەندێك كەس هەبێت، لەوانەی بەرگری لەشیان لاوازە، بەڵام بۆ هەموو خەڵك پێویست ناكات، بۆیە وریاییان لە باسكردنی ئەو بابەتە دا بەر لە پێویستبوونی، ئەوە لەوكاتەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا داوای پەنابردنی بۆ سێیەم ژەمی ڤاكسین برد دوای هەشت مانگ لە وەرگرتنی ژەمی دووەم. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل