تارق حەرب: دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دوا ناكەوێت

:: PM:08:17:16/09/2021 ‌

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بێتە سازكردن، هەموو ئاماژەكان بە ئاراستەی بەڕێوەچوونی پرۆسەكەن نەوەك دواخستنی، چونكە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق ئەو خواستە هەیە، وەك هەر هەڵبژاردنێكی تری عێراق ئەگەری دروستبوونی كێشە دوای دەرچوونی ئەنجامەكان و پێكهاتنی حكوومەت هەیە، شارەزایەكی یاسایی بەدووری دەزانێ كێشەی گەورە روو بدا و پێكهاتنی حكوومەت دوا بكەوێت.

تارق حەرب، شارەزای یاسایی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بوونی لێكگەیشتنی باش لە نێوان هەندێك لە لیستە گەورەكان لە هەرسێ پێكهاتەی شیعە و سوننە و كوردەوە، پێم وا نییە كێشە لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دروست ببێت، بەتایبەتی كە یاسای هەڵبژاردنەكان ئەو هاوپەیمانیەتییەیشی یەكلا كردووەتەوە كە دەتوانێت حكوومەت پێك بێنێت.
10 رۆژ بۆ تانەدان و راگەیاندنی ئەنجامی تانەدان دیاری كراوە
زیاتر گوتی، بەپێی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن گەورەترین لیست كە كاندیدی سەرۆك وەزیران پێشكەیش دەكات، ئەو لیستەیە كە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان زیاترین كورسی بەدەست هێنا بێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی لیستێكی تر بتوانێت لەناو پەرلەمان كورسی زیاتر لەخۆی كۆ بكاتەوە، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە پێم وا نییە كێشەیەك سەر هەڵبدات، یان دواكەوتن لە پێكهاتنی حكوومەتەكە دروست ببێت، وەك لە پێكهاتنی حكوومەتی پێشوو بینیمان.

لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و دواكەوتنی پێكهاتنی پەرلەمان و حكوومەت و چوونی عێراق بۆ ناو بۆشاییەكی دەستووری حەرب دووپاتی كردەوە، لە رووی یاساییەوە نابێتە بۆشایی دەستووری، بۆ ئەمجارە كاتەكە دواناكەوێت، چونكە دەبێت تانەدان لە ئەنجامی پرۆسەكە لە سێ رۆژدا بێت و لە ماوەی حەوت رۆژیش یەكلا دەكرێتەوە، واتە 10 رۆژ لە نێوان راگەیاندنی ئەنجامەكان و بڕیاری كۆتایی دادگا لەبارەی ئەنجامەكان هەیە.

روونی كردەوە، دوای پەسندكردنی ئەنجامەكان لەلایەن دادگای باڵاوە، بانگەشەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەكرێت، كە بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام ساز دەكرێت، ئینجا سەرۆك و دوو جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، دوای ئەوە سەرۆك كۆمار دیاری دەكرێ و ئەویش كاندیدی گەورەترین لیست بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل