پارتی بەرنامە و پلانی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند

:: AM:10:39:18/09/2021 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرنامە و پلانی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاو كردەوە و ڕای دەگەیەنێت، ئێمە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، لە پێناو بەرفراوانكردنی پانتایی دەوڵەتی مەدەنی و دیموكراسی و فیدراڵی بەشداری دەكەین.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی ئەیلوول، پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامە و ئامانجی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی 10ـی تشرینی یەكەم بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتووە، ئێمە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، لە پێناو بەرفراوانكردنی پانتایی دەوڵەتی مەدەنی و دیموكراسی و فیدراڵی بەشداری دەكەین لەسەر بنەمای دابەشكردنێكی دادوەرانەی دەسەڵات و سامان، هەروەها دەستەبەركردنی دەرفەتەكان بە یەكسانی بۆ هەمووان و بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی و یاسا و پابەندبوون بە دەستوور.

هەوڵ دەدات بۆ پشتیوانی لە جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازیی كردەنی و بەرهەمدار
لە بەرنامەكەی پارتیدا ئەوەیش هاتووە، پارتی بەڕەچاوكردنی ئایندەی عێراق و پاراستنی بڕیارە سەربەخۆییە نیشتمانییەكەی، هەوڵ دەدات بۆ پشتیوانی لە جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازیی كردەنی و بەرهەمدار، بۆ بەدەستهێنانی خواست و ویستە ڕەواكانی گەلی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە پێویست و بنەڕەتییەكان، هەروەها فرەجۆركردنی ئابوورییەكەی و دابینكردنی دەرفەتی كار، باشكردنی بواری ئیداری و پتەوكردنی داودەزگاكانی دەوڵەت. جگە لەوەش داوا دەكات ئاوارەكان بە كەرامەتەوە بگەڕێنەوە ناوچە ڕەسەنەكانی خۆیان.

لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا ئەوەیش ئاشكرا كراوە، پارتی داوا دەكات ئەو پرۆسە گرنگە دادوەرانە و شەفاف و بێگەرد بێت، لەژێر چاودێریی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بێت.

لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لیستی دێرینترین و بە ئەزموونترین پارتی كوردستان و عێراقە، خاوەنی زۆرترین دەستكەوت و شانازییە.

پابەندبوون بە تەواوی دەقەكانی كە لەسەر پرەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان داڕێژراوە
لەبارەی ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو هەڵبژاردنە ڕوون كراوەتەوە، خەبات دەكات لە پێناو پێگەی كوردستان لە عێراقدا، ئەویش پیادەكردنی دەستوور بە تەواوی مادە و بڕگەكانیەوە، كە تاكە گرەنتی بەردەوامیی یەكێتیی ئارەزوومەندانەی خاك و گەل و سەروەریی عێراقە، پابەندبوون بە تەواوی دەقەكانی  كە لەسەر پرەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان داڕێژراوە.

لە بڕگەیەكی تری بەرنامەی پارتی بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەوەیش ئاشكرا كراوە كە كار دەكەن بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە گیانی یەكڕیزیی كوردستانییەوە، تا بتوانین گرفتە چارەسەر نەبووەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایش چارەسەر بكەن، لەگەڵ كاركردن بۆ جێبەجێكردنی مادەی 65ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی كە نوێنەرایەتی هەرێمەكان دەكات.

پارتی لە بەرنامەكەی خۆیدا ئەوەشی باس كردووە، لەڕێی میكانیزمە دەستوورییەكانەوە، خەبات دەكات لە پێناو گەڕاندنەوەی ناوچە كێشە لەسەرەكانی كوردستان، ئەویش بە جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق و میكانیزمەكانی: (ئاساییكردنەوە، سەرژمێری، ڕاپرسی)، كۆتاهێنان بە ڕەوشی ناجۆر و نالەباری ئەو ناوچانە و قەرەبووكردنەوەی خەڵكەكەی، لەگەڵ كۆتاهێنان بە ڕەوشی شێوێنراوی شاری كەركووك و تەواوی ناوچە كێشەلەسەرەكان، ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكە دڵسۆزەكەی و قەرەبووكردنەوەیان.

لە تەوەرێكی تری بەرنامەی پارتی، دۆخی ئابووری خراوەتەڕوو، لە بەرنامەكەی بۆ دۆخی ئابووری ئەوە هاتووە، خەبات دەكات لە پێناو دابینكردنی ماف، بودجە، مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، ڕێزیش لە خۆڕاگری و پشوودرێژیی هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەگرێت .

باس لەوەش كراوە، كار دەكەن لە پێناو یاساگەلێكی وا كە دەبنە مایەی پتەوكردنی كۆڵەگەكانی دەوڵەت، وەك: دەركردنی یاسای نەوت و غاز، هەروەها كاراكردن و جێبەجێكردنی یاسای دامەزراندنی دەستەی باڵای مافەكانی هەرێم و پارێزگاكان، یاسای دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتەكان، بایەخدانی پتر بە بواری تەندروستی و دامەزراوە تەندروستییەكان، بەتایبەت نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا و پێدانی ڤاكسین تا گیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت.

بایەخدان بە ڕەخساندنی هەلی كار بەتایبەتی بۆ لاوان، بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامەی قەرز بۆ كار و پڕۆژەكانیان ڕێك بخرێت
لە بەرنامە ئابوورییەكەی پارتی باس لەوە كراوە، كار دەكرێت بۆ بایەخدانی زیاتر بە خزمەتگوزاری لە بوارەكانی ئاو، كارەبا و خاوێنڕاگرتنی شار و شارۆكەكان، هەروەها بایەخدان بە ڕەخساندنی هەلی كار بەتایبەتی بۆ لاوان، بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامەی قەرز بۆ كار و پڕۆژەكانیان ڕێك بخرێت، لەگەڵ بایەخدانی پتر بە جۆری ئەو خۆراكانەی دابەش دەكرێن لە ڕووی كوالێتی و فرەجۆرییەوە و گرنگیدانی تایبەت بە خۆراكی منداڵان.

بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێكی هاوچەرخ، پارتی دیموكراتی كوردستان ئامانجی خۆی ڕوون كردووەتەوە كە كار دەكات لە پێناو چاكسازی لە سەرجەم بوار و سێكتەرەكاندا، بەتایبەت لە بوارەكانی تەندروستی و پەروەردە و كولتووردا، هەروەها كاركردن لە پێناو چاكسازی میدیاییدا، بەتایبەت فراوانكردنی پانتاییەكانی ئازادیی بیروبۆچوون و لە پاڵیشیدا ڕێگرتن لە ناوزڕاندن و سووكایەتیكردن بە مرۆڤ و تایبەتمەندییە كەسییەكانی، بەگوێرەی یاسا.

پارتی لە بەرنامەكەیدا ڕوونی كردووەتەوە، خەبات دەكات لە پێناو نەهێشتنی گەندەڵی و بە سزاگەیاندنی گەندەڵكاران، ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و ڕێگرتن لە دەستێوەردانی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی عێراق، ئەو دەستێوەردانانەی كە شوناسی سیاسیی عێراق دەخەنە ژێر پرسیارەوە.




وشە - رامیار جەواد