فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران هۆشداریی دایە هەولێر و بەغدا

:: AM:11:25:19/09/2021 ‌
فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران، هۆشداری دەداتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، داوای لێ كردن دژی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەڵوێستیان هەبێت. هاوكات گوتی درێژە بە ئۆپراسیۆنیان دژی ئەو حزبانە دەدەن.

محەمەد حوسێن باقری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران، ئەمڕۆ یەكشەم لە رێوڕەسمی دیاریكردنی جێگری نوێی فەرماندەی گشتی گوتی، چیتر قبووڵی ئەوە ناكەن لە سنوورەكانەوە كێشە بۆ ئێران دروست ببێت و بە توندترین شێوە لە دژیان هەڵوێستیان دەبێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، ئەو ئاماژەی داوە كە هێرشەكانیان لە دژی ئەو حزبانە لە چوارچێوەی جاڕنامەی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە.

هاوكات داوای كردووە ئەمەریكییەكان بنكە و بارەگاكانیان لە عێراق ببەنە دەرەوە، نەبنە مەڵبەندێك بۆ دژایەتیكردنی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

پێویستە بگوترێ دوو هەفتە لەمەوبەر، سوپای پاسداران دەستی بە تۆپباران و هێرشی ئاسمانی لە رێی درۆنی بۆمبڕێژكراو بۆ سەر بنكەكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە سنووری حاجی ئۆمەران و چۆمان و برادۆست كرد، بۆ ماوەی چەند رۆژێك بە چڕی هێرشەكانی بەردەوام بوون، بەڵام دواتر وەستان. 

لە هێرشەكاندا هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبووە


لە هێرشەكاندا هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبووە و تەنیا زیان بە ژینگە و دارستان و لەوەڕگە و رەز و باخی خەڵك كەوتووە.

هۆشدارییەكەی باقری دوای ئەوە دێت كە هەفتەی رابردووش لە میانەی سەردانی مستەفا كازمی بۆ تاران، عەلی شەمخانی سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە فەرمی داوای لە كازمی كرد حزبەكانی رۆژهەڵات چەك بكات و لە وڵات دووریان بخاتەوە.

پێویستە بگوترێ حزبەكانی رۆژهەاڵاتی كوردستان، لە چوارچێوەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان جێگیر بوون، بوونی بەشێك لەم هێزانە بۆ پێش دامەزرانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە.


وشە - سلێمان تاشان