بینینی ئاڵای كوردستان جۆش و خرۆشی خستووەتە ناو دڵی دانیشتووانی داقووق

:: AM:09:44:20/09/2021 ‌
پارتی لە داقووق بانگەشەی ماڵ بە ماڵی دەست پێ كردووە و خەڵك بە جۆش و خرۆشەوەن، دەنگەكانی پارتی لە سنوورەكە زیاد دەكات و بەگوتەی بەرپرسێكی پارتی، بینینەوەی ئاڵای كوردستان، هاووڵاتییانی سنوورەكەی دڵخۆش كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ی ئەیلوول، هیوا رەشید بەرپرسی ناوچەی داقووقی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لە داقووق دەستیان بە بانگەشەی ماڵ بە ماڵ كردووە و سەردانی هەموو خێزانەكان دەكەن، پێشوازییەكی گەرم لە پارتی لە ناوچەكە دەكرێت، ئەمەش لەبەرئەوەی پارتی بە ئاڵای كوردستانەوە لە كەركووك بانگەشەی دەست پێ كرد.
جەماوەر و لایەنگری پارتی لە سنوورەكە رۆژ بە رۆژ لە زۆربووندان

ئەو  ئاماژەی دا، خێزانەكان بە گرنگییەوە دەڕواننە گەڕانەوەی پارتی و بینینەوەی ئاڵای كوردستان، بەوەش جۆش و خرۆشی خستووەتە ناو دڵی هاووڵاتییان و كوردەكانی سنوورەكە، جەماوەر و لایەنگری پارتی لە سنوورەكە رۆژ بە رۆژ لە زۆربووندان، زیاتر لە جاران متمانەی هاووڵاتییانی سنوورەكە دەستەبەر دەكات.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، هیچ گرفت و رێگرییەك دروست نەكراوە بۆ خۆیان و كاندیدەكانی پارتی، كاندیدەكان پێشمەرگەیان لەگەڵە و بە ئاڵای كوردستانەوە ماڵ بە ماڵ دەگەڕێنەوە و هاووڵاتییانیش پێشوازییان لێ دەكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەفتەی رابردووەوە بە فەرمی نووسینگەی خۆی لە شاری كەركووك كرووەتەوە و ئاڵای كوردستانی بە فەرمی هەڵكرد، ئەمەش وایكرد لەلایەن زۆر لە هاووڵاتییانەوە پشتیوانی لێ بكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان