بەڕووداوی هاتوچۆ سێ‌ كەس گیانیان لە دەست دا

:: AM:10:25:11/10/2021 ‌
بەرپرسێكی هاتوچۆی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، درەنگانی شەو بەهۆی ڕووداوێكی هاتوچۆ لە شەقامی 100 مەتریی هەولێر، سێ‌ كەس گیانیان لە دەست دا.

ئەمڕۆ دووشەم 11ـی تشرینی یەكەم، فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، نزیك سەعات یەكی شەوی ڕابردوو لەسەر شەقامی 100 مەتری لە نزیك نەخۆشخانەی رزگاری، ئۆتۆمبێلیكی جۆری هیۆندای سانتافی بەهۆی پێشبڕكێكردنەوە، بە خێراییەكی یەكجار زۆر بەئاراستەی بازاڕی لەنگە دەڕۆیشت و لەپڕ كۆنترۆڵی لە دەست دا.

زیاتر گوتی، خۆی بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسانی تایبەت كە بەئاراستەی نەخۆشخانەی ڕزگاری دەڕۆیشت كێشا، بەو هۆیەوە سێ‌ هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و زیانێكی زۆری مادیشی كەوتەوە.

باسی لەوەش كرد، لە كاتی لێكۆڵینەوەدا بەپێی بەڵگە سەرەتاییە دەستكەوتووەكان، بەڕێژەی 100% هیۆندای بەلایەنی خەتابار ئەژمار كراوە، چونكە ئەو بەهۆی تیژڕۆیی چووەتە سایدی بەرانبەر و خۆی بە نیسانەكە داداوە.

ڕوونی كردەوە، لە شوێنی ڕووداوەكە و بەتایبەت دوورگەی ناوەندی شەقام ئەوەندە بەرزە بەهۆی جوانكاری، تەنانەت بارهەڵگری گەورەش زۆر بەئەستەم بەسەری دەكەوێت ئەگەر خێراییەكەی كەم بێت.



وشە - رامیار جەواد