لە سوودان دیسان كودەتا كرا

:: AM:10:03:25/10/2021 ‌
كۆمەڵێك چەكدار هێرشیان كردە سەر نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی سوودان و دەستبەسەریان كرد، دەگوترێ ئەوەی رووی داوە نیمچەكودەتایەكە و سەرۆك وەزیران لە ماڵەكەی دەستبەسەرە.

ئەوانەی گیراون جگە لە سەرۆك وەزیران، زۆربەی ئەندامانی كابینەی حكوومەت و ژمارەیەك لە رێبەرانی حزبەكانی لایەنگری حكوومەت بەرچاو دەكەون.

هێشتا دیار نییە ئەو هێزەی سەرۆك وەزیرانی دەستبەسەر كردووە كێیە. ئەوانەی شایەتیدەری رووداوەكە بوون ئاماژەیان داوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم ناو شاری خەرتووم تووشی پشێوی هات، كاتێك هێزە چەكدارەكان هەڵیانكوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی عەبدوڵا حەمدۆك سەرۆك وەزیرانی سوودان.

هێشتا سوپای سوودان لەسەر ئەم رووداوانە هیچ هەڵوێستێكی نەبووە، لە كاتێكدا رێبەرانی بەشێك لە پارتەكان و كۆمەڵێك وەزیر و سەرۆكی كابینە گیراون.

سەرجەم ئەو رێیانەی دەچنەوە پایتەخت، لەلایەن هێزی سەربازییەوە داخراون


سەرجەم ئەو رێیانەی دەچنەوە پایتەخت، لەلایەن هێزی سەربازییەوە داخراون و تەلەڤزیۆنی فەرمی حكوومەتیش سروودی شۆڕشگێڕانە بڵاو دەكاتەوە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، ئەم رووداوە دوو رۆژ دوای ئەوە دێت رەوتێكی سیاسی داوای كردبوو، هەرچی زووە دەسەڵات بۆ هێزێكی مەدەنی بگوازرێتەوە و لە روودانی كودەتای سەربازیش هۆشداری دابوو.

لە ساڵی 2019دا كاتێك عومەر بەشیر سەرۆكی ئەوكاتی سوودان لەلایەن سوپا لادرا، وڵاتەكە بەشێوەیەكی هاوبەش لە نێوان سیاسییەكان و جەنەراڵەكان بەڕێوە دەچوو.

فڕۆكەخانەی خەرتووم داخراوە و دۆخی ئەو وڵاتە بە تەواوی نائاساییە و لە هەندێك شوێنیش خۆپێشاندان دەستی پێ كردووە، خەڵك وەك دەربڕینی ناڕەزایەتی ئاگریان كردووەتەوە.


وشە - سلێمان تاشان