"چوونی مەسروور بارزانی بۆ شوێنی حەوانەوەی خوێندكاران ستایلێكی جوانی حوكمڕانییە"

:: AM:10:56:28/11/2021 ‌
هەمووان سەرسامن بەو شێوازە جوان و نوێیەی سەرۆكی حكوومەت كە پێڕەوی دەكات، هەر كەس و لایەنێك لەهەر جێیەكی ئەم وڵاتە بێت، ڕاستەوخۆ ئەم سەرۆكە مەزنە دێتە سەرهێڵ و وەڵامی بۆ هەموو ئاریشەكان هەیە و گوێگر و خەمخۆرێكی بێ وێنەیە و تێدەكۆشێت بۆ چارەسەری تەواوی ئاریشەكان. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، چوونی مەسروور بارزانی بۆ شوێنی حەوانەوەی خوێندكاران ستایلێكی جوانی حوكمڕانییە.

دوێنێ شەموو دوای خۆپێشاندانی قوتابیان، سەرۆكی حكوومەت هاتە سەرهێڵ و داوای كۆبوونەوەی لێ كردن و گفتوگۆی لەگەڵ كردن، ڕوونكردنەوەی تەواو و تێروتەسەلی دا و ئاشكرای كرد، پلان و ئامانجی حكوومەت ئەوەیە كە بەتەواوی وڵات پێش بكەوێت و داواكاری هەموو چین و توێژەكان جێبەجێ بكات.

ئەم گوێگرتن و خەمخۆرییەی سەرۆكی حكوومەت بێوێنەیە


گوڵستان باقی ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی گوت، ئەم گوێگرتن و خەمخۆرییەی سەرۆكی حكوومەت بێوێنەیە، چونكە ستایلێكی جوانی حوكمڕانییە و دەبێت هەمووان لێی فێر ببن.

ئەو گوتیشی، "ئێمە لە پەرلەمان بەردەوام بەدەم داواكاری قوتابیانین و خەم و ئازاری ئەوان ئێمە نیگەران دەكات، تا ئێستەش هەرچیمان لە دەست هاتبێت كردوومانەوە و درێغیمان نەكردووە. توێژی قوتابیان توێژێكی هەرە جوان و زیندووی كۆمەڵگەن، نەوەی دواڕۆژ و داهاتووی ئەم وڵاتەن و كۆڵەكەی كۆمەڵگەن، هەرچی داواكارییەكیان هەبێت پێویستە بۆیان جێبەجێ بكەن و بەدەمیانەوە بچین."

وەك زیاتر خستیە ڕوو، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند كەسێكی تێكدەر و گێرەشێوێن بەناوی قوتابیانەوە دزەیان كردە ناو خۆپێشاندانی قوتابیانی ناڕازی و هەستان بە سووتاندن و سووكایەتیكردن بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان، ئەمە مایەی نیگەرانی هەمووانە و بێگومان ئەوانە قوتابی نەبوون و هیچ كات قوتابی كاری واناكات.

هەندێك جار گازندەی ئەوە دەكرێت گوایە حكوومەت گرنگی زیاتر بە زانكۆ تایبەتەكان دەدات و گرنگی ئەوتۆ بە زانكۆ حكوومییەكان نادات، ئەمەش ڕاست نییە و بێ ویژدانییە، ئەوەتا سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ نوێنەری هەموو زانكۆكان دادەنیشێ و بەبێ جیاوازی و بە زانكۆ تایبەت و حكوومییەوە.

هاوكات دكتۆر ئەرشەد سدیق مامۆستای زانكۆ، بە "وشە"ی گوت، لە سەرەتادا داواكاری خۆپێشاندانی قوتابیان بریتی بوو لە باشتركردنی باروگوزەرانیان لە بەشە ناوخۆییەكان، ئەمەش مافێكی یاسایی و دەستوورییە.

ئەو پێی وایە، راستە تا ئاستێكی زۆر كەمتەرخەمی هەبووە لەلایەنی پێوەندیدار، بەڵام خۆپێشاندان و داواكاریی قوتابیان ئاراستەی گۆڕا لەلایەن هەندێك كەس و لایەنی سیاسی بۆ مەبەستی سیاسی تایبەت بەخۆیان، تەنانەت خەریك بوو قوتابیان ببنە زیانمەندی یەكەم لەم خۆپێشاندانە. 

بە گوتەی ئەو مامۆستایەی زانكۆ، لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و قوتابیان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، گرنگی بە داواكاری قوتابیانی داوە و لایەنە پێوەندیدارەكانی راسپارد، بۆ چارەسەركردنی كێشەی قوتابیان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنوێنییەكان و خەرجكردنی پارەی پێویست بۆ ئەم پرسە.

ئەرشەد سدیق دەڵێت، "ئەمە گەواهیدەری ئەم ڕاستییەیە كە شێوازێكی نوێی حوكمڕانی لە پشت دەرگا داخراوەكانە. چاوپێكەوتنی ڕاستەوخۆی سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ قوتابیان رەنگدانەوەی دەبێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، تا ئاستێكی زۆر كێشەی  قوتابیان چارەسەر دەكرێن و ئەو كەسانەش كە كەمتەرخەم بوون بەرانبەر كێشەی قوتابیان، سزای یاسایی دەدەرێن." 

بەشێوەیەكی ڕیشەیی هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیان دەدات


بەگوتەی مامۆستاكە، سەرۆكی حكوومەت هەر لەم چاوپێكەوتنەیدا قوتابیانی دڵنیا كردەوە، بەشێوەیەكی ڕیشەیی هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیان دەدات، بەپێی توانا هاوكاری ئەو قوتابیانە دەكرێت كە كەمدەرامەتن، بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و دانەبڕێن.

دوێنێ شەموو27ی تشرینی دووەم لە میانەی كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ قوتابیانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر، نوێنەری قوتابیان داواكاری و پێشنیاز و گرفتەكانی خۆیان خستەڕوو و بۆ ئەو دەرفەتەش سوپاسی سەرۆكی حكوومەتیان كرد، كە لەگەڵیان كۆ بووەوە و ئەمەیان بە‌ خەمخۆری و دڵسۆزی سەرۆكی حكوومەت بۆ پرۆسەی خوێندن گەڕاندەوە.

لەو كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ قوتابیانی زانكۆكانی كوردستان ئەنجامی دا، نوێنەری هەموو زانكۆكانی كوردستانی تێیدا بەشدار بوون و یەك لەدوای یەك پرسیاریان كرد، بۆچوون و داواكاری خۆیانیان بە سەرۆكی حكوومەت گەیاند.

ئەمەش ستایلێكی جوان و نایابی حوكـمڕانی سەرۆكی حكوومەت دەردەخات لە هەرێمی كوردستان، كە بەردەوام بە شێوازێكی جوان و خێرا دێتە سەرهێڵ بۆ هەموو چین و توێژەكان و هاووڵاتییانی دڵنیا كرد كە حكوومەت هی هەمووانە و نزیكە لە هەموو تاكێكی ئەم هەرێمە.

سلێمانی/ئاسان محەمەد


وشە - تایبه‌ت