وادەی بەردەستبوونی ڤاكسینی دژ بە ئۆمیكرۆن دیاری كرا

:: PM:07:36:30/11/2021 ‌

لەو كاتەی تەواوی دنیا چاوەڕوانی بەردەستبوونی دەرمانێكی چارەسەری بوون بۆ پەتای كۆرۆنا كە دۆخەكە سووكتر بكات و ژیان بەرەو ئاساییبوونەوەی زیاتر بچێت، لە باشووری ئەفریقیا تیرەیەكی نوێ و مەترسیدارتری ڤایرۆسی كۆرۆنا بەناوی ئۆمیكرۆن دەركەوت، ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا وادەی بەردەستبوونی ڤاكسین دژ بەو تیرە نوێیە دەخەمڵێنێت.
دوو هەفتە پێویستە بۆ تاقیكردنەوەی كاریگەری ڤاكسینەكان لەسەر تیرە نوێیەكە
لەوكاتەی تەواوی كۆمپانیاكانی ڤاكسیسنی دژ بە كۆرۆنایان بەرهەم هێناوە سەرقاڵی پەرەپێدانی ڤاكسینەكانیانن بۆ كاركردنی لەسەر تیرە نوێیەكە، ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا ئەمڕۆ سێشەم دووپاتی كردەوە كە پێویستیان بە دوو هەفتە هەیە بۆ تاقیكردنەوەی كاریگەری ڤاكسینەكان لەسەر ئەو تیرە نوێیە.

زیاتر گوتی، رەنگە ئەگەر پێویست بكات لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگی تر رەزامەندی لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینە نوێیەكانی دژ بەو تیرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بدەن، ئیمیر كۆك، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئاژانسەكە گوتی، جارێ دیار نییە بەرهەمهێنەرانی ڤاكسین پێویست بە گۆڕینی ڤاكسینەكانیان بۆ رووبەڕووبوونەوە ئۆمیكرۆن دەكات یان نا، بەڵام ئاژانسەكە ئامادەی بۆ ئەو ئەگەرە. 

شایەنی باسە دوێنێ هەردوو كۆمپانیای فایزەر و جۆنسن ئاند جۆنسن رایان گەیاند كە بە هاوشێوەی كۆمپانیای مۆدێرنا، دەستیان كردووە بە كاركردنی لەسەر بەرهەمهێنانی جۆری نوێی ڤاكسینیان دژ بە ئۆمیكرۆن، ئەگەر دەركەوت ڤاكسینەكانی كە ئێستە هەیە كاریگەری لەسەر نییە، لەوكاتەی بەڕێوەبەری كۆمپانیای بیۆنتیك رای گەیاند كە ڤاكسینەكانی هەن كاریگەریان لەسەر ئۆمیكرۆن بە هاوشێوەی دەلتا نییە، بەڕێوەبەری فایزەر دووپاتی كردەوە كە كەپسوولی "پاكسلۆفید"، كە كۆمپانیاكە بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا پەرەی پێ داوە، دژی ئەو تیرە نوێیەیش كاریگەری باشی هەیە.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل