ئەنجامی كۆبوونەوەی هەردوو شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و ئۆپراسیۆنی هاوبەش

:: PM:04:35:04/12/2021 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمڕۆ شەموو لە بەغدا شاندی هەردوو وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگە بۆ مەبەستی باسكردنی هێرشەكانی دوایی داعش و پڕكردنەوەی بۆشایی تەناهی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان كۆبوونەوە، نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هاوئاهەنگی هاوبەش لە وەزارەتی بەرگری عێراق وردەكارییەكان روون دەكاتەوە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، ئاماژەی كرد كە لە كۆبوونەوەی هەردوولا گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر پێویستی پەرلەكردن لە هاوئاهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە تەناهییەكانی عێرق، كە دووچاری هێرشەكانی داعش دەبنەوە، لەگەڵ بەرزكردنەوەی ئاستی هاوئاهەنگیكردن لە دوو میحوەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.
دووپات لەسەر كاراكردنی بەپەلەی ژوورەكانی هاوائاهەنەگی هاوبەش كرایەوە
زیاتر گوتی، رێككەوتن كراوە بە بەهێزكردنی هاوئاهەنگی لە هەردوو میحوەری دیالە و كەركووك و میحوەرەكانیتر لە كۆبوونەوەكانی داهاتوو باسیان لێوە دەكرێت، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە كەشێكی ئەرێنی بەڕێوە چوو و دووپات لەسەر پێویستی كاراكردنی بەپەلەی ژوورەكانی هاوائاهەنەگی هاوبەش كرایەوە.  

شایەنی باسە لە بەیاننامەیەكی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی عێراق هاتووە، ئەمڕۆ شاندێكی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتووەتە بارەگای سەركردایەتییەكە لە بەغدا بۆ تاوتوێكردنی لەبارەی هاوئاهەنگیی تەناهی لەنێوان هەردوولا لە ناوچەكانی گرنگی هاوبەشی تەناهی هەیە و دانانی پلانی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییە تیرۆریستییەكان. شاندەكەیش لەلایەن فەریقی یەكەم عەبدولئەمیرە شمەری، جێگری فەرماندەی سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنی هاوبەش پێشوازی لێ كراوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل