هەڕەشە لە بافڵ و شێخ جەعفەر دەكرێ‌

:: AM:09:26:05/12/2021 ‌
كوڕی بەرپرسێكی یەكێتی كە باوكی ڕاوێژكاری بافڵ تاڵەبانیشە، هەڕەشە لە بافڵ تاڵەبانی و هێزەكەی شێخ جەعفەر دەكات و ڕای دەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو هەڵوێستیان ڕادەگەیەنن، كێ خۆی بە پیاو دادەنێت بەرانبەر ماڵ و بنەماڵەی شەهیدان، پیشانی دەدەین كەسوكاری شەهیدان و ماڵە شەهید چییە.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی كانوونی یەكەم، پۆڵۆ شاڵاو عەلی عەسكەری كە باوكی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، لە پەیامێكی ڕای دەگەیەنێت، لە هەموو شۆڕشێكدا تەنیا خەڵكی قارەمان و خاوەن قوربانی باجیان داوە،  ئەوانەی ئێستە لەپڕێكدا بوون بەكوڕێك، هاتوونەتە سەر حازری و نازانن قیمەتی شەهیدان چییە.

پۆڵۆ دەڵێت، ئەو كەسانەی باوەڕیان بە هێزی كۆماندۆ و هەندێك هێزی تازە و علووج هەیە، نازانن ئەم هێزانە سەرەخۆرەن، بۆیە هەفتەی داهاتوو هەڵوێستی بنەماڵەی عەلی عسكەری و تەواوی شەهیدانی كورستان بڵاو دەكەینەوە.

كێشەكانی یەكێتی ڕۆژانە سەر هەڵدەدەنەوە، هەر باڵ و لایەنێك و هێزێك خۆی بە خاوەنی یەكێتی دەزانێت و كەسیش سڵ لە كەس ناكاتەوە، ئەوەیش خەڵكی سنووری پارێزگای سلێمانی بە تەواوی بێزار كردووە.
 
ئەو كوڕەی شاڵاوی عەلی عەسكەری لە بەرانبەر ڕاگەیاندنی هەڵوێستی بنەماڵەكەی هەڕەشە دەكات و ڕای دەگەیەنێت، كێش خۆی بە پیاو دادەنێت بەرانبەر ماڵ و بنەماڵەی شەهیدان، پێشانی دەدەین كەسوكاری شەهیدان و ماڵە شەهید چییە.

كێشەكانی یەكێتی دوای ڕووداوەكانی هەشتی تەمووز، چووەتە كردەی سەربازی و بەرانبەر یەكتر هێز بەكار دەهێنن، ئەوەیش بووەتە هۆكارێك كە سەرانی ئەو حزبە هیچ متمانەیەكیان بەیەكتر نەمێنێت و سەرجەم گفتوگۆكان گەیشتوونەتە بنبەست.





وشە - رامیار جەواد