میلیشیاكان هەوڵی هەڵگیرسانی جەنگێكی ناوخۆیی شیعە دەدەن

:: PM:09:05:11/01/2022 ‌

ئەمڕۆ هێزێكی زۆری سرییەكانی سەلامی سەر بە رەوتی سەدر لە شەقامەكانی شاری عیماڕە لە پارێزگای میسان بڵاو بوونەوە، ئەوەیش بەهۆی كوژرانی سەركردەیەكی رەوتەكە لەو شارەدا.

دوای هەڵگیرسانی راپەڕینی تشرینی 2019، ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە بەغدای پایەتەختیشەوە، ناڕەزایەتییەكی فرەوانی جەماوەری بەخۆیەوە بینی، لەوانە هێرش كرایە سەر بارەگای پارت و میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران، لە شاری عیمارە هێرش كرایە سەر بارەگای میلیشیاكان، لەوانەیش عەسائیب.
بەرپرسە سەدرییەكە بە كوشتنی سەركردەیەكی عەسائیب تۆمەتبار بوو
دوور لەوەی ئەوانەی هێرشەكەیان كرد، خەڵكی ئاسایی بوون یان هێزی ركابەر و نەیار، بەڵام سەركردەیەكی عەسائیب بەناوی ویسام عەلیاوی و برایەكیان كوشت، كە لەناو بارەگای عەسائیبدا بوون، ئەوكات قەیس خەزعەلی، سەركردەی عەئاسیب وەك هەموو جارێك بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دا و گوتی كە خوێنیان بەفێڕۆ ناڕوات.

شایەتحاڵەكان باسی ئەوەیان كرد كە ئەمڕۆ چەكدارانی سرییەكانی سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر لە چەند ناوچەیەكی شاری عیمارە بڵاو بوونەتەوە، ئەوەیش بەهۆی كوژرانی سەركردەیەكی رەوتەكە بەناوی موسلیم ئەبو ریش، بۆیە چەكدارەكان شەقامەكانی ناوچەی قیتاعیان داخست.

شایەنی باسە یەكشەمی رابردوو سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاندبوو كە تەرمی ئەبو ریش لە درەنگانێكی شەوی شەموو لە ناوچەی شیشان بە كوژراوی دۆزراوەتەوە، كە شوێنی 11 فیشەكی پێوە دیار بووە، لەوكاتەی ئەو تۆمەتباری سەرەكی بوو لە كوشتنی سەركردەكەی عەسائیب.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل