مۆنیتۆر: میلیشیاكان بەرپرسن لە بەشێكی هێرشەكانی سەر پێشمەرگە

:: PM:08:07:13/01/2022 ‌

لە ماوەی ساڵی رابردوودا هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چەند ئامانجێكی تر لەناو هەرێمی كوردستان، هێرشیان كرایە سەر، ئەوكات باسی رێكخراوی داعش و گرووپی نەناسراو دەكرا كە لەپشت ئەو هێرشانەوە بن، ماڵپەڕێكی ئەمەریكی باسی زیادبوونی جموجۆڵ و هێرشی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران لەدژی هەرێمی كوردستان دەكات.
هەرێمی كوردستان بە بوونی پێوەندییەكی بەهێز لەگەڵ ئەمەریكا تاوانبار دەكەن
ماڵپەڕی "مۆنیتۆر"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا نووسیویەتی، ئەو میلیشیایانە هەرێمی كوردستان بە بوونی پێوەندییەكی بەهێز لەگەڵ ئەمەریكا تاوانبار دەكەن، جیا لە پێوەندی لەگەڵ توركیا، ئەوەیش بەشێكە لە هۆكاری بەهێزبوونی پێوەندی ئەم میلیشیایانە لەگەڵ پەكەكە لە شنگال. بۆیە بەشێك لەو هێرشانەی لە چەند مانگی دوایی كرایە سەر هێزی پێشمەرگە، ئەگەری هەیە لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە ئەنجام درابێت، ئەوە سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەكانی داعش. 

لە 7ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ 8 مووشەكی كاتیۆشا سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان لە نزیك پردێ كردە ئامانج، پێش ئەوەیش بە چەند رۆژێك و هەر لە سنووری كەركووك پێشمەرگەیەك بریندار كرا، راپۆرتەكە دەڵێت، زۆرینەی هێرشی سەر هێزە تەناهییەكان بۆ داعش دەگەڕێندرێنەوە، بەڵام سەرچاوە تەناهییەكان لە ناوچەكە ئاماژە دەكەن میلیشیاكانی نزیك لە ئێران لە هێرشەكەی 7ی ئەم مانگە و هیتریش تێوە گلاون.

راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات كە دوای هێرشێكی شوباتی 2021 بە هاوێشتنی زیاتر لە 10 مووشەك بە ئاراستەی فڕۆكەخانەی هەولێر و چەند گەڕەكێكی شارەكە و بووە هۆی كوژرانی دوو كەس و برینداربوونی زیاتر لە 10 كەسی تر، گرووپێكی نەناسراو بەرپرسیارەتی خۆی راگەیاند، كە زۆرێك باسی ئەوە دەكەن ئەو گرووپە رووی شاراوەی میلیشیاكانی سەر بە ئێرانە. ئەمە سەرەڕای هێرشی تر بە درۆن بۆ سەر فڕۆكەخانەكە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل