عێراق بۆچی لە رووداوەكەی حەسەكە دەترسێت؟

:: PM:05:13:23/01/2022 ‌

ئێوارەی پێنجشەمی رابردوو هێرش كرایە سەر گرتووخانەی غوێران لە شاری حەسەكە، كە هەزاران فەرماندەی باڵا و چەكداری داعشی لە 50 دەوڵەت تیادا گیراوە، هاوكات لەگەڵ هێرشەكە یاخیبوون لەناو گرتووخانەكەیش دروست بووە و ژمارەیەكی زۆری گیراوان هەڵاتوون، جیا لەوەی كۆنترۆلی ناوەوەی گرتووخانەكەیان كردووە، بەپێی هەواڵەكان ئاڵۆزییەكانی ناو گرتووخانەكە و گەڕەكەكانی دەوروبەری بەردەوامە، بەڵام چۆن كار لە دۆخی عێراق دەكات؟  

عێراق و سووریا هەردووكیان ئەزموونێكی تاڵیان لەگەڵ رێكخراوی داعشدا هەیە، ئەو رێكخراوە لە 2014 توانی رووبەرێكی فرەوانی هەردوو وڵات داگیر بكات و دەوڵەت و خەلافەتی خۆی تیایاندا رابگەیەنێت، لە ماوەی چەند ساڵێكدا كۆمەڵكوژی گەورە و گەورەترین وێرانكاری دروست كرد و تا ئێستەیش شوێنەواری ئەو وێرانكاری و كۆمەڵكوژییەی ماوە، بەردەوامیی نەهامەتی كوردانی ئێزیدیش باشترین نموونەیە لەسەر قێزەوەنیی هەڵسوكەوتەكانی داعش، كە كولتووری سەربڕین و بەكەنیزەككردنی منداڵ و كچ و ژنانی لە سەتەی بیست و یەك ژیاندەوە.
خەڵكی شنگال لە هەڵاتنی گیراوانی داعش نیگەرانن، نەوەك دزە بكەنە ناو خاكی عێراق
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال دووپاتی دەكاتەوە هەڵاتنی ژمارەیەكی زۆری داعشە گیراوەكان لە گرتووخانەی حەسەكە، مایەی ترس و نیگەرانییە بۆ ئێمە لە ئەگەری دزەكردنیان بۆ پارێزگەی نەینەوا و دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی 2014، بەتایبەتی لە شنگال.

خەلیل روونی كردەوە، تا ئێستە دۆخی تەناهی لە پارێزگای نەینەوا لەوانەیش لە شارۆكەی شنگال لەرزۆكە و بەرانبەر بە هێرش و پێشێلكارییەكانی داعش، كە ناوە ناوە پێی هەڵدەستێت بەتەواوەتی كۆنترۆل نەكراوە، بۆیە وەك خەڵكی شنگال لە هەڵاتنی گیراوانی داعش نیگەرانن، نەوەك دزە بكەنە ناو خاكی عێراق. 

قائیمقامی شنگال روونی كردەوە، تا ئێستەیش سنوورەكانی عێراق و سووریا بەتەواوەتی كۆنترۆل نەكراوە، سەرەڕای بوونی دوو فرقەی پیادەی 15 و 20، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق ژمارەی هێزە تەناهییەكان لە سنوورەكان زیاتر بكات، جیا لە زیادكردنی چالاكی و هەوڵی هەواڵگری و دانانی كامێرای حەراری لەسەر سنوورەكان، ئەوە جگە لە زیادكردنی چاودێریی ئاسمانی لەسەر سنوورەكان بۆ رێگرتن لە دزەكردنی تیرۆریستان.

لاوازیی توانای سوپا و هێزە تەناهییەكانی عێراق تەنیا بەهۆی نەبوونی چەكی پێشكەوتوو و ژمارەی ئەو هێزانە و لاوازیی توانای هەواڵگری نییە، بەڵكو چەند هۆكارێك هەن وایان كردووە متمانەی تەواو بەو هێزانە نەبێت و بە بەردەوام گومان لە توانای كۆنترۆلكردنی دۆخی تەناهی عێراقیان لێ بكرێت، جیا لە لاگیریی بەشێكی ئەفسەرە باڵاكان بۆ لایەنی دەرەكی و هێزە سیاسی و میلیشیاكانی سەر بە ئێران و لاگیری تایفەیی، گەندەڵیش بووەتە هۆكارێكی گەورەی ئەو لاوازییە، كاتێك زۆرێك لە فەرماندە باڵاكان بوون و مانەوەی داعش لە بەرژەوەندی خۆیان دەزانن، ئەوە جیا لە چەند هۆز و ناوچەیەك كە ئەوانیش بۆ مەبەستی خۆیان پاڵپشتی لە داعش دەكەن.

ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لە تویتێك لە وەسفی ئەو تۆقینەی بەسەر فەرماندە سەربازییە باڵاكانی عێراق زالە دەكات و دەڵێت، ماقووڵە وڵاتێك ژمارەی هێزە تەناهی و چەكدارەكانی زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار كارمەند بێت و نزیكەی 30%ی بودجەكەی لە وەزارەت و دەزگا تەناهییەكان خەرج دەكرێت، گەلەكەی بەهۆی رووداوەكەی گرتووخانەی غوێران لە حەسەكە بكەونە حاڵەتی ترس و تۆقینەوە؟، لێكدانەوەی ئەوە چییە، مەگەر ئەو گەندەڵییە نەبێ كە جەستەی دامەزراوەكانی وڵاتی داخوریوە.

رووداوەكەی حەسەكە هاوكات بوو لەگەڵ هێرشێكی تر لە ناوچەی عوزێم لە پارێزگای دیالە، كە 11 ئەفسەر و سەربازی عێراق تیایدا بە دەستی داعش كوژران، ئەو دوو رووداوە ئەگەرچی گومانیان لێ دەكرێ كە پێوەندیان بە یەكەوە هەبووبێت، بەڵام پەیامێكی روونە بۆ حكوومەتی عێراق و هێزە سیاسییە براوەكانی هەڵبژاردن، بەوەی مەترسیی داعش ماوە و كەس ناتوانێت و ناشبێت دەست بۆ چەكی میلیشیاكان ببرێت، چونكە داعش هەیە و ئەگەری زیندووبوونەوەی بەهێزە، ئەگەرچی تێكهەڵكێشییەك لەنێوان بەرژەوەندی هەندێك وڵات و هێزی سیاسی و میلیشیا لەگەڵ زیادبوونی چالاكییەكانی داعش دروست بووە، رەنگە هەر ئەوەیش هۆكاری ئەوە لێك بداتەوە كە بۆچی هەزاران چەكدار و فەرماندەی باڵای داعش و قاعیدە لە گرتووخانەكانی سووریا و عێراق ماونەتەوە، ئەگەرچی زۆرێكیان سزای لەسێدارەدانیان هەیە.

دوای رووداوەكە حەسەكە، عێراق هەڵمەتەكانی لە ناوچە گوماناوییەكان بە بوونی داعشی لە چەند پارێزگایەك چڕ كردووەتەوە، هاوكات هێزەكانی لەسەر سنووری سووریا بەرانبەر لە ناوچەكانی دێرزوور و حەسەكە زیاد كردووە، لەوانەیش رەبیعە و بەعاج و مەعبەر و ناوچەكانی نزیك پیشخاپوور و هیتریش.

ئەحمەد شەریفی، شارەزای كاروباری تەناهی دەڵێت، فەرماندە تەناهییەكانی عێراق ئەوە دەزانن كە هەر دەستسووككردنێك لەسەر سنوورەكانی سووریا واتە هاتنی ئەندامانی داعش بۆ قووڵایی خاكی عێراق، لەگەڵ ئەوەیش بابەتی تۆكمەكردنی سنوورەكان ئاسان نییە، بەتایبەتی لەبارەی ژمارەی هێزەكان لەهەردوو سنوورەكانی باكور و رۆژئاوایش. ئەو سنوورانەی بۆ زیاتر لە 600 كیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە.

عێراق جیا لە خەمی كۆنترۆلكردنی سنوورەكانی لەگەڵ سووریا و پاراستنی دۆخی تەناهی ناوچە دوورە دەست و حەشارگەكانی داعش لە بۆشاییە تەناهییەكان، كە تا ئێستەیش پێی كۆنترۆل نەكراوە، خەمی ئەو گرتووخانانەیەتی كە چەكدارانی داعشیان تیادا گیراوە، وەك ئەبو غرێب، كە هێزێكی زۆری تەناهی لە دەوروبەری ئەو ناوچانە بڵاو كردووەتەوە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی حەسەكە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەی دوایی زانیاری وا بڵاو كرایەوە كە چەند یەكەیەكی داعش لە سووریاوە هاتوونەتە عێراق و ئەوان بەرپرسن لەو هێرشانەی لە چەند مانگی رابردوو روویان داوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل