كاندیدی سەرۆك وەزیران ئامادەیە.. كێ دەبێتە سەركۆماری عێراق؟

:: PM:06:59:23/01/2022 ‌

لە دیاریكردنی كاندیدی سەركۆماری عێراق كە پشكی كوردە، هێزە كوردییەكان لە نێوان دوو بژارەدان، دووبارەكردنەوەی سیناریۆی 2018 و چوون بەیەك كاندیدی رێككەوتن لەسەركراو و تێپەڕاندنی، ئێستە تۆپەكە لە یاریگەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندایە، چونكە یەكێتی و پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدیان هەیە، جگە لە سەربەخۆكان، بۆیە دەبێت یەكێتی لە نێوان دوو بژارەكەی سەرەوە بڕیار بدات.    

لە پرۆسەی سیاسی نوێی عێراق و لە دوای 2003ەوە پۆستی سەركۆمار كە وەك نەریتێكی سیاسی بە كورد دراوە، لای یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بووە، بەدەر لەوەی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتیی یەكێتی ئەو پۆستەی هەبووە و بەهۆی پاشخانە سیاسییەكەیەوە كاریگەری هەبووە، بەڵام ئەو سەركۆمارانەی دوای ئەوەوە هاتن نەیانتوانی ئەو سوود و كاریگەرییە بە پرسەكانی پێوەست بە كورد لە بەغدا بگەیەنن، بەتایبەتی بابەتی بڕینی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگە و پێش گرتن لە لێكەوتەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و هیتریش، بۆیە ئەوانە وەك نیشانەی پرسیار مانەوە، ئێستەیش كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامێكی گەورەی لە هەڵبژاردن دەستەبەر كردووە، بە مافی خۆی دەزانێت لە دیاریكردنی كاندیدی سەركۆمار پرسی پێ بكرێ و كۆدەنگی تەواوی هێزە كوردییەكانی لەسەر هەبێت.
تا 9ی شوبات بوار هەیە بۆ رێككەوتن لەسەر كاندیدی سەركۆمار
مەهدی عەبدولكەریم، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق "واع"، گوتی، پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو كاندیدی سەركۆماری عێراق لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە یەكلا بكرێتەوە، ئەو دوو حزبە تا 9ی شوبات بواریان هەیە بۆ رێككەوتن لەسەر كاندیدی سەركۆمار.

روونی كردەوە، ئەو ناوانەی لەلایەن یەكێتییەوە خراونەتە روو، بریتین لە بەرهەم ساڵح و لەتیف رەشید، هەرچی پارتییە هۆشیار زێباری بۆ پۆستەكە كاندیدی كردووە، جیا لەوانەیش ناوی تری كەسانی سەربەخۆ هەن.

عیسام فەیلی، مامۆستای زانستە سیاسییەكان گوتی، كاندیدی پۆستی سەركۆمار بێ رێككەوتنی هێزە كوردییەكان یەكلا نابێتەوە، پارتی تێبینی لەسەر هەندێك لە كاندیدان هەیە، یەكێتیش زیاتر لە كاندیدێكی هەیە و ئەوەیش پەتەوازەیی و ترازانی لەناو یەكێتی دروست كردووە، جیا لە بوونی ژمارەیەك كەسی سەربەخۆ، بۆیە ئەوە وا دەكات بچنە ناو گەڕی دووەمی دەنگدان لەناو پەرلەمان و یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەركۆمار. 

زیاتر گوتی، چاوەكان بە ئاراستەی زۆرینەی پەرلەمانییە، لەگەڵ مانەوەی دەرگاكە بە كراوەیی بۆ پێوەندیكردنی بەشێك لە هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەو زۆرینەیە، هاوكات لە قۆناغی داهاتوو ئۆپۆزسیۆنێكی كارایش دروست دەبێت، بەتایبەتی بە بوونی فراكسیۆنی نیشتمانی كە ژمارەیەك ئەندامی سەربەخۆ لەخۆ دەگرێت.

لەو ناوە دا سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی كوردی ئاشكرای كرد كە رەوتی سەدر سێ كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێشكەیش بە هاوپەیمانەكانی كردووە، واتە كاندیدەكانی ئامادەن، ئەوانیش مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی ئێستە و عادل مهەودەر، وەزیری شارەوانی لە دووەم ماوەی حكوومەتی نووری مالیكی لە نێوان 2011 و 2014، هەورەها ساڵح تەمیمی، راگری پەیمانگەی خزمەتی دەرەكی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی كردەوە كە رەوتی سەدر دووپاتی كردووەتەوە بەوەی دەنگ بە هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەركۆمار دەدەن.

لەلایەكی تر سەرچاوەیەكی نزیك لە رەوتی سەدر دووپاتی كردەوە كە هاوپەویمانی ستراتیجی لەگەڵ سوننە و كورد لەتوانایان هەیە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە یەكلا بكەنەوە و بە زۆرینەی تێیان بپەڕێنن، بۆیە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ نزیكە ئەگەر كورد لەسەر كاندیدی سەركۆمار بگەن بە رێككەوتن.     

سەرچاوەكە روونی كردەوە، ئێستە رەوتی سەدر و هاوبەشەكانی خاوەن ژمارەی پێویستی دەنگەكانن بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆیە گفتوگۆ سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی بەرەو پێشەوە دەچێت و هەر دوای سازانی هێزە كوردییەكان لەسەر كاندیدی سەركۆمار، زۆر نزیك دەبینەوە لە راگەیاندن و خستنەڕووی كاندیدی سەرۆك وەزیران. 

ئەو سەرچاوە روونی كردەوە، دادگای باڵا بڕیارێكی لۆجیكی لەبارەی تانەكانی پێشی دەدات لەگەڵ دۆخەكە بگونجێت، بۆیە بڕیاری ئەو یەكلاكەرەوەیە، هەموو ئەوانەیش كار لە هاوپەیمانییە ستراتیجیەكانمان لەگەڵ هاوبەشەكانی پاڵپشتی لە بەرنامەی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكەن ناكات. 

روونی كردەوە، ئێستە جموجۆڵی هاوبەشەكان بە رێكوپێكی بەڕێوە دەچێت و هەر لەگەڵ رێككەوتنی كورد لەسەر كاندیدیان بۆ پۆستی سەركۆمار، پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت تەواو دەبێت، ئەوەیش دوای خستنەڕووی كاندیدی رەوتی سەدر بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت، هەموو رێوشوێنەكانی تا ئێستەیش وەرگیراون و سەرۆكایەتی پەرلەمان گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، بۆیە دەتوانین وردتر ئەوە بڵێین كە پێكهێنانی كۆتایی حكوومەت زۆر نزیكە. 

بەگشتی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەركۆمار هەڵوێستی یەكێتی گرنگ و یەكلاكەرەوەیە، واتە دەبێ بەرهەم ساڵح یان یەكێكی تر دیاری بكات، یەكێتی ئەگەر سوور بێت لەسەر بەرهەم ساڵح، ئەوە ناراستەوخۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكەیە بۆ هۆشیار زێباری، چونكە زۆرینەی ناو پەرلەمان دەنگ بە كاندیدی پارتی دەدەن، بەڵام گۆڕینی كاندیدەكەی بۆ كەسێكی تر كە كۆدەنگی كوردی لەسەر بێت، واتە بە پارتی و تەواوی هێزە سیاسییەكانی تر، بوار بە كاندیدیەكەی دەدا بۆ تێپەڕاندنی لەناو پەرلەمان و چانسی زیاتری دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل