تارق حەرب: فراكسۆنی گەورە و پێكهێنەرانی حكوومەتی نوێ دیارن

:: PM:06:24:26/01/2022 ‌

تا ئێستەیش هێزە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەوڵەكانیان بۆ بەربەست تێخستنی پێكهێنانی فراكسۆنی گەورە و حكوومەتی نوێی عێراق بەو شێوەی موقتەدا سەدر دەیەوێت بەردەوامن، بۆیە لێرە و لەوێ باسی شەرعیەت و چۆنیەتی حیسابكردنی فراكسۆنی گەورە دەكەن، تارق حەرب، شارەزمای یاسایی و دەستووری دووپاتی كردەوە كە فراكسیۆنی گەورە و پێكهێنەرانی حكوومەت دیارن.

حەرب ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، ئەو قسە جیاوازانەی لەبارەی پرسی فراكسیۆنی گەورە دەكرێت هیچ بەهایەكیان نییە، چونكە ئەو بابەتە لای هەمووان زانراوە، ئەو هەڵبژاردنە سێ فراكسیۆنی گەورەی لێ كەوتەوە، وەك ئەمری واقیع ئەوانن حكوومەتی نوێی عێراق پێك دێنن.
داوای دیاریكردنی فراكسیۆنی گەورە بە هاوشێوەی داواكانی پێشوو رەت دەكرێتەوە
روونی كردەوە، پێشتر بەهۆی لێكنزیكیی ژمارەی كوردسییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان بابەتی فراكسیۆنی گەورە باسی دەكرا، بەڵام لەو هەڵبژاردنەی دوایی ژمارەیەك فراكسیۆنی گەورەی لێ كەوتەوە، هاوكات دادگای باڵای فیدراڵ لە بڕیاری رەتكردنەوەی تانەكان باسی بابەتی فراكسیۆنی گەورەی نەكردووە، چونكە پێویست ناكات و ئەو بابەتە بەهایەكی نییە و دادگەكە ئاگەداری بابەتەكەیە.  

حەرب ئاماژەی كرد، بۆیە ئەو داوایەی هەندێك لە پەرلەمانتاران لەبارەی دیاریكردنی فراكسیۆنی گەورەوە پێشكەیشی دادگای فیدرالیان كردووە، بە هاوشێوەی داواكانی پێشوو رەت دەكرێتەوە. 

شایەنی باسە تارق حەرب لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختە كە لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بەڕێوە چوو، رای گەیاند كە فراكسیۆنی گەورە ئەوەیە لە ئەنجامی هەڵبژاردن و ژمارەی كورسییەكان دیاری دەكەن نەوەك لەناو پەرلەمان، هاوكات رەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و محەمەد حەلبووسی حكوومەتی نوێی عێراق پێك دێنن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل