گومان لە هەڵاتنی گیراوانی داعش لە حەسەكە هەیە.. پەكەكە بەنیازی چییە؟

:: PM:08:40:26/01/2022 ‌

گرتووخانەی سەناعە لە گەڕەكی غوێرانی شاری حەسەكە، پێنج هەزار داعشی تێدا بوو، لە 21ی ئەم مانگە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە هێرشی كرایە سەر و دەرگەی زیندانەكە شكێنرا و ژمارەیەك لە گیراوان هەڵاتن، توێژەرێك باسی ئەگەری بوونی پیلانگێڕییەك دەكات و داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری ناپاكی و ئاژاوەگێڕییەك ئامادە بكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ی كانوونی دووەم، حامید گەوهەری نووسەر و لێكۆڵەر و شارەزای سیاسی و كاروباری پەكەكە بە "وشە"ی راگەیاند، بێگومان دەستێك لە پشت هەڵاتنی ئەو داعشانە لە زیندانی غوێران لە حەسەكە هەبووە، ئەوان زیندانی پەكەكە بوون و دەبوو رێگە نەدرایە ئاوا بە ئاسانی هەڵبێن و هێرش بكرێتە سەر زیندانەكە.
پێویستە هەسەدە هەڕەشەی داعش لە كوردستان دوور بخاتەوە
زیاتر گوتی، بەپێی خوێندنەوەی خۆم، ئێران و پەكەكە پلانی هەڵاتنی ئەم داعشانەیان داڕشتووە، رەنگە حكوومەتی سووریایشیان لەگەڵدا بووبێت، ئێران بۆ زاڵكردنی هەژموونی خۆی لە عێراق و تێكدانی دۆخەكە و رێگریكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە بەكاریان بێنێت، پەكەكەیش تۆڵەی تێكشانیان لە شنگال و قەرەچووغ و ئەو ناوچانە بكاتەوە.

گەوهەری روونی كردەوە، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی پەكەكە و هەسەدە پارێزگاریان لەو زیندانە نەكرد؟، بەڵام بێگومان خیانەتەكە هەرچۆنێك بێت لە بەرانبەر ئامادەسازی حكوومەتی هەرێم و پێشمەرگەدا، پووچەڵ دەبێتەوە، وەك جاری جاران ئێران و پەكەكە ناتوانن پێش بە گەشەسەندنی كورد و خواستەكانی بگرن.

"ئەو زیندانانەی داعشیان تێدا راگیراوە و ئەو كەمپانەی بنەماڵەی داعشەكانیان تیادا كۆ كراوەتەوە، بوونەتە شوێنی رێكخستن و پەروەردەكردنی داعش و باشترین شوێنن بۆ راهێنان و ئامادەكردنی تیرۆریست بۆ داعش، بۆیە هەسەدە پێویستە داعشەكان بۆ زیندانی دوور لە گەڕەكەكان بگوازێتەوە و هەوڵ بدات داعشە زیندانیكراوەكان بداتەوە بە وڵاتەكانی خۆیان و ئەو هەڕەشەیە لە كوردستان دوور بخاتەوە"، حامید گەوهەری نووسەر و لێكۆڵەر و شارەزای سیاسی و كاروباری پەكەكە وای گوت.

ئێوارەی پێنجشەمی رابردوو گرووپێكی تیرۆریستی داعش هێرشیان كردە سەر گرتووخانەی غوێرانی شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان، ئەوان هەوڵی ئازادكردنی گیراوانیان دا، كە هاوكات یاخیبوون لەناو زیندانییەكە دروست بوو، لەو كاتەی نزیكەی پێنج هەزار گیراوی داعش لەو زیندانەدا هەبوون بوون، بەڵام روون نییە ژمارەی گیراوە هەڵاتووەكانیان چەندە.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل