گه‌ڕه‌كى شۆڕشى نوێ كه راسته‌وخۆ له ته‌نیشت باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان هه‌ڵكه‌وتووه، پێشتر له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه شوقه و خانووه‌كانى به‌سه‌ر كه‌سوكارى شه‌هیدانى حزبه‌كه دابه‌ش كراوه، هه‌رچه‌ند زۆرێك له شوقه و خانووه‌كانى فرۆشراون و له‌لایه‌ن كه‌سانى تر كڕاون، به‌ڵام هیچ خێزانێكى پارتى بۆیان نییه له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا نیشته‌جێ ببن، هه‌ر كرێچییه‌كیش پێویسته پشتگیرى مه‌ڵبه‌ندى سێى یه‌كێتى هه‌بێت.
یه‌كێتى گه‌ڕه‌كى شۆڕشى نوێ كۆنترۆڵ ده‌كات
گه‌ڕه‌كى شۆڕشى نوێ له 800 شوقه و خانوو پێك دێت، ساڵى 2011 دروست كراوه و راسته‌وخۆ كه‌وتووه‌ته ته‌نیشت باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان كه به كۆشكى سپى ناسراوه. شوقه و خانووه‌كانى ئه‌و گه‌ڕه‌كه، له سه‌ره‌تادا له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه به كه‌سوكارى شه‌هیدانى حزبه به‌خشرا، به‌ڵام به‌شێكى زۆر له‌و خێزانانه‌ى خانووه‌كانیان پێ درا، نه‌چوونه ناو خانووه‌كانه‌وه، هه‌ندێكیان فرۆشتیان و هه‌ندێكیان به كرێى ده‌ده‌ن.
(ه. ى) له نووسینگه‌ى ره‌وه‌ند بۆ خانووبه‌ره كه له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا كار ده‌كات، به"وشه"ى راگه‌یاند، "ئه‌و شوقه و خانووانه تایبه‌تن به خێزانه یه‌كێتییه‌كان و بۆ خه‌ڵكى سه‌ربه هیچ لایه‌نێكى تر نییه تێیدا نیشته‌جێ بن چ به كڕین و چ به كرێ".
زیاتر ده‌ڵێ، "شوقه و خانوو هه‌یه زیاتر له شه‌ش جار كڕین و فرۆشتنى پێوه كراوه، به‌ڵام بۆ هه‌موو كڕیاره‌كان یان ده‌بێت یه‌كێتى بن یان ئینتیماى سیاسی‌یان له یه‌كێتییه‌وه نزیك بێت، چونكه به‌بێ پشتگیریى مه‌ڵبه‌ندى سێى یه‌كێتى، هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كى كڕین و فرۆشتن و هیچ به كرێگرتنێكى خانووه‌كان رایى ناكرێت".
ئێسته، نرخى كرێى خانوو له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا 350 هه‌زار دینار و نرخى كرێى شوقه‌كان 250 هه‌زار دیناره.
ئه‌و روونى كرده‌وه، "ئێمه له‌سه‌ر داواى مه‌ڵبه‌ند داواى پشتگیریى مه‌ڵبه‌ند ده‌كه‌ین له‌كاتی مامه‌ڵه‌ى كڕین و فرۆشتنى خانووه‌كاندا یان له گرێبه‌ستى به كرێداندا، پاش ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتییه‌وه لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر یه‌كێتى بێت یان نزیك بێت له‌و حزبه، مۆڵه‌تى نیشته‌جێبوونى پێ ده‌درێت".
شۆڕشى نوێ له پۆلیسیش قه‌ده‌غه‌یه
له‌و گه‌ڕه‌دا هیچ بنكه‌یه‌كى پۆلیس و ئاسایش بوونى نییه، به‌ڵكو به‌پێى به‌دواداچوونى "وشه" راسته‌وخۆ پێوه‌سته به مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانییه‌وه. هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا روو بدات، له‌لایه‌ن ئاسایشى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتییه‌وه ده‌ستێوه‌ردانى تێدا ده‌كرێت و رێگه نادرێت پۆلیس رۆڵى تێدا ببینێت.
عیسا حوسێن كادرى پێشكه‌وتووى یه‌كێتى له مه‌كته‌بى ڕێكخراوه دیموكراتییه‌كان له هه‌ولێر بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، "ئه‌و شوێنه تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه و هه‌موو خێزانه‌كان خاوه‌نى شه‌هیدى یه‌كێتین و كاتى خۆى خانوو و شوقه‌یان له‌و گه‌ڕه‌كه پێ دراوه".
ئه‌و ده‌ڵێ، "له‌به‌رئه‌وه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ى هه‌مووى یه‌كێتین، بۆیه مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتى كه له ته‌نیشت ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یه، خۆى به خاوه‌نى كێشه‌ى خه‌ڵكه‌كه ده‌زانێت و له كاتى ڕوودانى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى یان نه‌بوونى ئاو و خزمه‌تگوزارى، خۆى ده‌ستێوه‌ردان ده‌كات و كێشه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت به پارێزگاى هه‌ولێر و لایه‌نى پێوه‌ندیدار".
ئه‌و كادره‌ى یه‌كێتى زیاتر ده‌ڵێ، "موختارى ئه‌و گه‌ڕه‌كه هه‌مان موختارى گه‌ڕه‌كى ژیانه و بابه‌ته‌كه ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه كێشه له نێوان ماڵه‌كان دروست نه‌بێت، چونكه پێشتر له كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا چه‌ند ماڵێكى پارتى له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا بوون و له‌سه‌ر هه‌ڵدانى ئاڵاى یه‌كێتى و پارتى هه‌ندێك گرفت و كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى دروست بوو، بۆیه له‌وكاته‌وه بڕیار درا كه ته‌نیا خه‌ڵكى یه‌كێتى له‌و شوێنه نیشته‌جێ بن".
"به‌ڵام ئه‌وه ماناى ئه‌وه نییه كه خه‌ڵكى تر مافى ئه‌وه‌ى نییه له‌و گه‌ڕه‌كه دابنیشێت، به‌ڵكو به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ى ئه‌و گه‌ڕه‌كه ئینتیماى سیاسى له پارتی نزیكه و یاریده‌ده‌ره‌كه‌شى یه‌كێتییه" حوسێن وای گوت.
وه‌زاره‌تى شه‌هیدان پێوه‌ندى به‌و گه‌ڕه‌كه‌وه نییه
فوئاد عوسمان گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، خانوو و شوقه‌كانى گه‌ڕه‌كى شۆڕشى نوێ له‌لایه‌ن یه‌كێتى خۆیه‌وه دابه‌ش كراوه. ئه‌و ده‌ڵێ، "ئه‌وان لیستى ناوه‌كانیان ئاماده كرد و له ڕێگه‌ى خۆیانه‌وه دابه‌شیان كرد به‌سه‌ر شه‌هیدانى یه‌كێتیدا و بودجه‌ى دروستكردنه‌كه‌شى له‌لایه‌ن به‌غدا دابین كرا".
زیاتر ده‌ڵێ، "وه‌زاره‌تى شه‌هیدانى حكوومه‌تى هه‌رێم هیچ ده‌ستێكی له‌و كاره‌دا نه‌بووه".
گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان روونى كرده‌وه، "له‌كاتى دروستكردنى گه‌ڕه‌كه‌كه‌دا داوا له ئێمه كرا خزمه‌تگوزارى بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كه دابین بكه‌ین و ئێمه‌ش لاى خۆمانه‌وه نووسراوێكى فه‌رمیمان نارد بۆ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگه‌وبان و ئاو و كاره‌با و پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كه دابین بكه‌ن".
عوسمان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، "وه‌زاره‌تى شه‌هیدان ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یه‌كى نیشته‌جێبوون ڕابگه‌یه‌نێت، ئه‌وه بۆ هه‌موو شه‌هیدانه به گشتى بێ جیاوازى نه‌ك شه‌هیدانى حزبێك به ته‌نیا، چونكه ئێمه لایه‌نى حكوومه‌تین نه‌ك حزب".
پشتگیرى مه‌ڵبه‌ندى سێى ده‌وێ
هیچ مامه‌ڵه‌یه‌كى كڕین و فرۆشتن یان به كرێدانى خانوو و شوقه له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا، به‌بێ پشتگیرى مه‌ڵبه‌ندى سێى یه‌كێتیى نیشتمانى رایى ناكرێت، ئه‌وانه‌ى خانوو ده‌كڕن یان به‌كرێى ده‌گرن، له سه‌ره‌تادا ده‌بێت سه‌ردانى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتى بكه‌ن، پاش به‌ده‌ستهێنانى پشتگیرى مه‌ڵبه‌ند، ئیتر هه‌موو شتێك ئاسایى ده‌بێت.
شێروان عه‌وڵا شوانى به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى مه‌ڵبه‌ندى سێى یه‌كێتى بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "كاتى خۆى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى زه‌وى ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ى له‌سه‌ر مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى تاپۆ كرد، دواتر كه خانوو و شوقه دروست كرا هه‌مووى درا به ماڵباتی شه‌هیدانى یه‌كێتى".
شوانى ئه‌وه‌ى ره‌ت كرده‌وه، هیچ كه‌سێكى پارتى هاتبێت بۆ وه‌رگرتنى پشتگیرى له مه‌ڵبه‌ند بۆ ئه‌وه‌ى له‌و گه‌ڕه‌كه دابنیشێت و پشتگیرى پێ نه‌درابێت. زیاتر ده‌ڵێ، "خه‌ڵكى پارتى هه‌ر خۆى له گه‌ڕه‌كێك دانانیشێت كه هه‌مووى یه‌كێتى بن و شه‌هید و قوربانییان بۆ یه‌كێتى دابێت".
به‌گوته‌ى شوانى، "ئێسته چه‌ندان خه‌ڵكى جیاواز له‌و گه‌ڕه‌كه داده‌نیشن كه هاووڵاتیى عه‌ره‌بیشى تێدایه، ئه‌وه‌ى لاى ئێمه گرنگه ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه كێشه دروست نه‌كات جا گرنگ نییه سه‌ربه چ حزبێكه، به‌ڵام ده‌بێت مه‌ڵبه‌ند ئاگه‌دار بێت، ئینجا ده‌توانێ له‌و گه‌ڕه‌كه دابنیشێت".
به‌رپرسى راگه‌یاندنى مه‌ڵبه‌ندى سێى یه‌كێتى، هۆى رێگه‌نه‌دان به نیشته‌جێبوونى كه‌سانى تر له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا به‌بێ پشتگیرى مه‌ڵبه‌ندى حزبه‌كه، بۆ بارى ته‌ناهیى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتى ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ، "له بنه‌ڕه‌تدا خانووه‌كانى ئه‌و گه‌ڕه‌كه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه به‌سه‌ر كه‌سوكارى شه‌هیدانى یه‌كێتى دابه‌ش كراون، به باشتر زانراوه دانیشتووانى گه‌ڕه‌كه‌كه یه‌كێتى بن".
هه‌ولێر- هێمن ڕه‌فیق