هێزە عێراقییەكان هیچ كوردێكی ئێزیدیان لەژێر دەستی داعش رزگار نه‌كردوه‌

:: PM:05:52:19/03/2017 ‌
بەرپرسی نووسینگەی كاروباری رفێنراوانی ژێر دەستی چەكدارانی داعش، رای گەیاند، هیچ كوردێكی ئێزدی لەلایەن سوپای عێراق و هێزە عێراقییەكان لەژێر دەستی داعش رزگار نەكراون.

ئەمڕۆ یەكشەم، حسێن كۆرۆ بەرپرسی نووسینگەی كاروباری رفێنراوانی ژێر دەستی داعش، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەشاری دهۆك رای گەیاند، تا ئێستە تەنیا ١٥ كچ و ژنی كوردی ئێزدی لە دەست چەكدارانی داعش رزگار كراون  و لەلایەن هاووڵاتییانەوە گەیەنراونەتە هێزەكانی پێشمەرگە، نەك سوپای عێراق.

زیاتر گوتی، هەواڵی رزگار كردنی ٢٥٠ كچ و ژنی كوردی ئێزدی لە ژێر دەستی داعش لەلایەن سوپای عێراق و هێزە عێراقییەكان لە پڕوپانگەندە و بانگەشەیەكی خراپ هیچی تر نییە و ئەو هەواڵە درووە لە راستی.


بەرپرسی نووسینگەی كاروباری رفێنراوانی ژێر دەستی داعش ئاماژەیدا، لە هەفتەی رابردوو تا ئێستە لە رێگەی نووسینگەكەیانەوە چەندین شوێنی جیاجیا ٨ كوردی ئێزدیی رزگاركراون كە ٥ ئافرەت و ٣یان منداڵن كۆی گشتی ئەو ئێزدییانەشی لەژێر دەستی داعش رزگار كراون تا ئێستە ٢ هەزار و  ٩٣٦ كەسن، بەڵام ئێستە٣ هەزار و  ٤٠٠ كوردی ئێزدی لە عێراق و سووریا لەژێر زوڵم و ستەمكارییەكانی تیرۆریستانی داعش دەژین.

حسێن كۆرۆ ئاشكرای كرد، تیرۆریستانی داعش لە شارەكانی مووسڵ و رققە و تەلەعفەر لە رێگەی سەربازگەی ژێر زەوییەوە مەشق و راهێنانی سەربازیان بە زیاتر لە هەزار منداڵی كوردی ئێزدی كردووە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم