پارێزگاری كه‌ركووك: هه‌ڵكردنی ئاڵایه‌كی گه‌وره‌ی كوردستان مافێكی ئاساییه‌

پارێزگاری كەركووك بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم حزب و لایەنە كوردستانییەكان و عێراق ئاگری نەورۆزی هەڵكرد و لە گوتەیەكیدا جەختی لەسەر ئاشتەوایی و پێكەوەژیانی شارەكەی كردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ 20ی ئادار دكتۆر نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم حزب و لایەنە كوردستانییەكان و عێراق، ئاگری نەورۆزی لەسەر قەڵای دێرینی كەركوووك كردەوە و لە گوتەیەكدا، پیرۆزبایی لە ئامادەبووان كرد و جەختی لەسەر ئاشتەوایی و پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی شارەكە كردەوە و هەڵكردنی ئاڵایەكی گەورەی كوردستانیشی بە مافێكی ئاسایی هەژمار كرد.

دوابەدوای هەڵكردنی ئاڵایەكی گەورەی كوردستان كە بە درێژیی 30 مەتر و پانیی 15 مەتری  لە پاڵ ئاڵای عێراق، ئاگری نەورۆزی هەڵكرد و بە چەپڵەڕێزان و گوتنەوەی سروودی نەورۆز دەستپێكی ئاهەنگێكی هونەریی گەورە ڕاگەیەنرا. كەشوهەوای شارەكەش تا ڕادەیەك لەبارە بۆ ئاهەنگ گێڕان و تێكڕای پلەی گەرمیی ئەم ئێوارەیە نزیكەی 15 پلەی سەدییە و ئاسمان نیمچە هەورە و خێرایی با بەرزە. 

پارێزگاری كەركووك، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ئەمڕۆی كردە پشووی فەڕمی لەسەرجەم دام و دەزگە حكوومییەكانی شارەكە، و چەند ڕۆژێكە بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگە حكوومییەكان كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتووەتەوە و چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك بڕیاری یەك جارەكیی لەسەر بدرێت.

كەركووك – نەبەز ڕۆستەم



وشە - عه‌لی سدیق


PM:07:25:20/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 1479 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌