ئاوارەكان پارەی گەڕانەوە وەردەگرن و ناگەڕێنەوە

:: PM:01:58:21/03/2017 ‌


وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، بڕێك پارەی بەمەبەستی هاندانی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان دابین كردووە، بەڵام بەشێك لە ئاوارەكان دوای وەرگرتنی پارەكە، فێڵ لە حكوومەتی عێراق دەكەن و بۆ كەمپەكانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە
.

سەمیرە شاكر خۆی و ماڵباتەكەی لە كەمپی حەسەن شام نیشتەجێن، ئەوان خەڵكی گۆگجەلین و لەگەڵ كردەوەگەلەكانی ئازادكردنی مووسڵ ئاوارە بوون. ئەو بە"وشە" دەڵێ‌، "ژیان لەناو كەمپی حەسەن شام باشترە لە گەڕانەوە بۆ ماڵەكانمان كە بەردەوام لەژێر هەڕەشە و مەترسیدا بین".

زیاتر دەڵێ‌، "ماڵی براكەم لە بەری چەپی مووسڵ ‌بوون، دوو مانگێك لەمەوبەر لەلایەن هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە كۆنترۆڵ كرایەوە، تەنیا یەك رۆژ دوای گەڕانەوەیان، خۆی و خێزانەكەی كوژران".


عەقید سەمەد بەغدادی بەڕێوەبەری پۆلیسی گەڕەكی گۆگجەلیل دەڵێ، "لە مووسڵ هێزی چەكدار هەیە و شەوان هەڵدەكوتنە سەر خەڵك‌ و بەتۆمەتی هەبوونی پێوەندی بە داعشەوە دەیانبەن ‌و دەیانكوژن، هەروەها كار و كاسپی نییە، خەڵك ڕۆژانە دێن سكاڵا تۆمار دەكەن لەسەر دزینی فەردە ئاردێك لەلایەن ماڵی دراوسێیەكەیانەوە
".

بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی گۆگجەلیل بۆ "وشە" ئەوەی خستە ڕوو كە "تا ئێستە 18 تۆمەتی كوشتن و سەربڕینی ئەندامانی خێزان ڕووی داوە و كەسیش ناتوانێت رێگە لەو گرووپانە بگرێت، چونكە سەرجەمیان چەكدارن و نازانرێت لە كوێ‌ دێن و دوای ئەنجامدانی تاوانەكە بۆ كوێ‌ دەڕۆن".

وێڕای هەموو ئەو كێشانەی بەهۆی ناجێگیری باری تەناهی و نەبوونی كارەوە رووبەڕووی ئاوارە گەڕاوەكان دەبنەوە، بەڵام بەشێك لە ئاوارەكان پاش رازیبوونیان بە گەڕانەوە و وەرگرتنی بڕە پارەیەك، دووبارە بۆ ناو كەمپەكان دەگەڕێنەوە.

عەلی عەبدوڵا لە كەمپی لەیلانی شاری كەركووك نیشتەجێیە، بۆ "وشە" روونی دەكاتەو كە ئەوان گەڕانەوە بۆ مووسڵ و دیویانە خانووەكەیان بەر تۆپ كەوتووە. ئاماژەی دا "بۆ گەڕانەوە تەنیا ملیۆنێك دینارمان قەرەبوو وەرگرت، كە چووینەوە ئەو شوێنە هیچ شتێك بۆ ژیان نەدەگونجا، بۆیە بڕیارمان دا بگەڕێینەوە ناو كەمپەكە و خۆمان وەك ئاوارە تۆمار بكەینەوە".

بەگوتەی عەبدوڵا، هەندێك لەو خێزانە ئاوارانەی بەناوی گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان هاوكارییەكەی حكوومەت وەردەگرن، تەنیا یارییەك دەكەن و مەبەستیان لە گەڕانەوە نییە. ئەو دەڵێ‌، "ماڵباتێك بەیەكەوە رێك دەكەون كە هەندێك كەلپەلی كۆنە دەكڕن بۆ نیشاندانی گەڕانەوەیان، كاتێك پارەكە وەردەگرن، كەلپەلەكان فڕێ‌ دەدەن و دەگەڕێنەوە ناو كەمپەكان، ئێستە زۆرێك لە ئاوارەكان پەنا بۆ ئەو كارە دەبەن، نزیكەی 200 هەزار دینارێك خەرج دەكەن و بڕی ملیۆنێك دینار وەردەگرن".

بەپێی دواین ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان، پێشبینی ئاوارەبوونی 350 هەزار كەس دەكرێت لە بەری‌ راستی شاری‌ مووسڵ كە كۆی ژمارەی دانیشتووانەكەی بە 750 بۆ 800 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.

رزگار عابد سەرپەرشتیاری كەمپی خازر، بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، "بەشێك لەو ئاوارانەی دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانیان گەڕاونەتەوە، جارێكی تر بۆ كەمپەكان هاتوونەتەوە".

عابد زیاتر دەڵێ، "گەڕاوەكان دەڵێن ناوچەكە ئارام نییە، بەهۆی هەبوونی چەندان گرووپی چەكداری جیاواز كە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكەن، بەڵام هەزاران خێزانی تر گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان سەرەڕای مەترسییەكان".

بەپێی ئاماری وەزارەتی كۆچ ‌و كۆچبەرانی عێراق، لە كۆی ئاوارەبوونی 286 هەزار كەس لە سەرەتای شەڕی ئازادكردنی مووسڵەوە، زیاتر لە 65 هەزار كەس گەڕاونەتەوە.

لە سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە تا ئێستە، زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری عێراقدا ئاوارە بوون، لەو ژمارەیەش تەنیا ملیۆنێك ‌و 650 هەزار كەسیان گەڕاونەتەوە.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بەمەبەستی هاندانی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوەیان، بڕی یەك ملیۆن دیناری دیاری كردووە بۆ هەر ماڵباتێك، جیالەوەی ئاوارەكان لە حكوومەتی عێراقەوە ساڵانە بڕی 500 هەزار دینار وەردەگرن.



وشە - رامیار جەواد