بە وێنە..ئافرەتێک بۆ پیرۆزبایی نەورۆز لە سلێمانییەوە گەیشتە هێڵی پێشەوەی شەڕ لە کەرکووک

:: PM:02:25:21/03/2017 ‌


ئافرەتێکی شاری سلێمانی کە بە ڤیەننا كەمال ناسراوە ماوەیەك لەمەوبەر قژی تاشی وەك هاوسۆزییەكی بۆ توشبووانی شێرپەنجە و لەئێستەدا بۆ جەژنە پێرۆزەی نەورۆز لەپێشمەرگە، بەپێیان لەشاری سلێمانییەوە بەرەو سەنگەرەكانی بەرگری بەرێكەتووە بۆ شاری كەركووك و گەیشتووەتە لای پێشمەرگەکان لە باشووری کەرکووک.

ئەو بە "وشە"ی راگەیاند "لەڕۆژی یەكشەمەوە سەعات نۆی سەر لەبەیانی لەشاری سلێمانی بەرێكەوتوم بەپێ بەرەو سەنگەرەكانی بەرگری شەڕ بۆ لای هێزەكانی پێشمەرگە لەشاری كەركووك بۆ پیرۆزبایی كردنی جەژنی نەورۆز لێیان ، دەمەوێت پشتگیری و خۆشەویستی خۆم بۆ پێشمەرگەكان دەرببڕم و پێیان بڵێم لەسایەی ئێوەوە ئێمە پارێزراوین ، بۆ شەو گەیشتمە چەمچەماڵ و لەمۆنیۆمێنتی شەهید لەو شارۆچكەیە مامەوە ، ڕۆژی دووشەمە جارێكی تر هەر بەپێیان بەرێكەوتمەوە و هەتاوەكو بەردەم بینای پارێزگای كەركوك و لەوێشەوە دەچمە بەرەكانی شەڕ لەدژی داعش بۆ پیرۆزبایی و سوپاسگوازی هێزەكانی پێشمەرگە ، هەر خۆم بەتەنهام لەو كارە بەڵام بەسەرپەرشتی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی سلێمانی و وەزارەتی تەندروستی ئەو چالاكیە ئەنجام دەدەم ."

ئەو هەروەها دەڵێت "بەرد بە بەردی ئەو نیشتیمانە خوێنی شەهیدە ، بۆیە ئێمە دەبێت ڕێزی پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان و خوێنی شەهیدان بگرین ، ڕێز لەدڵە خورپێی كەسوكاری شەهیدانیش بگرین ، ئەگەر یەك چركەش بێت دەبێت بەهەوڵ و ماندووبونەكانیان بزانین "

دوای دوو ڕۆژ لەڕۆیشتن ئەو ئافرەتە ئەمڕۆ سێشەمە گەیشتە بەرەكانی شەڕ و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی بە پێشمەرگەکان گەیاند.

شایەنی باسە ناوبراو ماوەیەك لەمەوبەر تەواوی قژی تاشی وەك هەڵوێست و هاوسۆزییەك بۆ تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە و ئەوكاتەش گوتی "ژیان بەخۆشەویستییەوە بەردەوامە . "

وشە/ شاخەوان شێخانی





















وشە - سلێمان تاشان