چەند ناوچەیەكی تری مووسڵ ئازاد كرانەوە

:: PM:07:54:22/03/2017 ‌

سەرچاوە تەناهییەكانی عێراق دووپاتی دەكەنەوە كە ئەمڕۆ چوارشەم هێزە هاوبەشەكانی عێراق چەند ناوچەیەكیان لە داعش پاك كردووەتەوە لەوانە گەراجی گەڕەكی بابولتۆب كە لە گەڕەكە كۆنەكانی ناوەڕاستی بەری راستی مووسڵە، هەروەها لە شارەدێی بادۆش و چەند گوندێك لە رۆژئاوای مووسڵ.

سەرچاوەكان دەڵێن كە دوای چوار سەعات لە جەنگی بەردەوام ئەمڕۆ چوارشەم هێزە هاوبەشەكانی عێراق لە پۆلیسی فیدرال و كاردانەوەی خێرا توانیان گەراجی بابولتۆب لە بەری راستی مووسڵ كۆنترۆڵ بكەنەوە كە ماوەی هەفتەیەكە جەنگی سەخت ئەو ناوچەیەی گرتووەتەوە بەهۆی تەسكی و كۆنی خانوو و كۆڵانەكانییەوە، بێجگە لە چڕی دانیشتوانی.

فەرماندەی كردەوەگەلی قادیمون یا نەینەوا لیوای رووكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە هێزەكانی فرقەی زریپۆشی نۆ توانیان كۆنترۆڵی پردی شارەدێی بادۆش و وێستگەی ئاوی شارەدێكە لە رۆژئاوای مووسڵ بكەن، ئەوەش دوای ئازادكردنەوەی گوندەكانی ئالیاسین و ئیرحیلە لە باكوری بادۆش كە 17 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای مووسڵەوە دوورە. 

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە. 

بەری راستی شاری مووسڵ لە رووی رووبەرەوە لە بەری چەپ بچووكترە و 40%ی رووبەری شارەكە پێك دێنێت، بەڵام لە رووی چڕی و ژمارەی دانیشتوانەوە قەلەباڵغترە و بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی 800 هەزار كەس لەو بەرەی شارەكە نیشتەجێن، لەو كاتەی سەرچاوە عێراقییەكان باس لە 650 هەزار كەس دەكەن. 

سەرچاوە: شەفەق نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل