وڵاتانی دنیا پیرۆزبایی نەورۆز لە بارزانی و كوردستان دەكەن

:: PM:10:27:22/03/2017 ‌

باڵوێز و نوێنەری وڵاتانی دنیا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە سەرۆكی هەرێم و گەلی كوردستان دەكەن، هاوكات هیوای پێشكەوتنی زیاتری بۆ گەلی كوردستان دەخوازن و جەختیش لە پەرەپێدانی پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەنەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەم لە هۆتێل خانزاد لە شاری هەولێر، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردییەوە، مێوانداریی ژمارەیەك باڵوێز و كۆنسڵ و نوێنەری وڵاتان و ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.

فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وتاری حكوومەتی هەرێمی پێشكەش كرد و باسی بایەخی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزی لە ژیان و مێژووی گەلی كوردستاندا كرد، هەروەها تیشكی خستە سەر مافی گەلی كوردستان بۆ دیاركردنی چارەنووسی خۆی و سوپاسی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانانی كرد كە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان داوە و پاڵپشتیی گەلی كوردستان بوونە.

دواتر باڵوێزی بەحرێن لە جیاتی نوێنەری وڵاتان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی نەورۆزی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد، پێزانینیشی هەبوو بۆ خانەوادەی شەهیدانی كوردستان و ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە دابینكردنی ئارامی و بوژانەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌، هاوكات هیوای پێشكەوتنی زیاتری بۆ گەلی كوردستان خواست.

هەر لەو رێورەسمەدا باڵوێز و نوێنەری وڵاتان جەختیان لە پەرەپێدانی پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل