واشنتن سزای نوێی بە سەر ئێران سەپاند

:: AM:08:55:25/03/2017 ‌
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەپاندنی سزای بەسەر 30 كۆمپانیا و كەسایەتی لە 10 وڵاتی جیاجیا ڕاگەیاند، بە تۆمەتی هاریكاریكردنیان بۆ بەرنامەی پەرەپێدانی توانای چەكی ئێران و كۆریای باكور.

ئەو سزایانە لە چوارچێوەی یاسای سزادان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەك بڕیاریان لەسەر دراوە، ئەوانەشی گرتووەتەوە كە چەكیان كڕیوە و فرۆشتوویانەتەوە بە سووریا و بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەك و پەرەپێدانی چەك لە ئێران و كۆریای باكور و سووریا.

لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هاتووە، سزا بەسەر 11 كەس بەشێوەی مەعنەوی و مادی سەپێنراوە، بەهۆی ئەوەی پێكهاتەی زۆر هەستیار و تایبەتی بەرنامەی مووشەكی بالیستیان بۆ ئێران گواستووەتەوە، لە نێو ئەو كەس و كۆمپانیایەدا نۆیان ڕێكخراو و كۆمپانیا و كەسایەتی چینین و یەكێكیشیان خەڵكی كۆریای باكورە.

لە مانگی تەمووز/یۆلیۆی 2015 ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا زۆرینەی سزا و گەمارۆ ئابوورییەكانی لەسەر ئێران هەڵگرت، بەهۆی واژووكردنی ڕێككەوتنی ئەتۆمی، بەڵام ئێستە بەهۆی پەرەپێدانی مووشەكی بالیستی.

وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی داوە، بڵاوبوونەوەی تەكنەلۆجیای بەرهەمهێنانی مووشەك لە ئێران، دەبێتە هۆی نیگەرانی زۆری ناوچەكە، بەهۆی ئەوەی ئێران پشتیوانی حووسییەكان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە یەمەن دەكات لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە.

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هۆشداری دا، ئەو چالاكییانەی ئێران دەبنە هۆی تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە و قووڵكردنەوەی ناكۆكییە هەرێمییەكان و هەڕەشەی مەترسیدارن بۆ سەر ناوچەكە.

لەلایەكی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سزای بەسەر 19 كۆمپانیا و كەسایەتی تر سەپاندووە، بەڵام وردەكاری زیاتری بڵاو نەكردووەتەوە و تەنیا ئاماژە بەوە دراوە كە كڕین و فرۆشتنی چەك و تەكنەلۆجیای بەرهەمهێنانی چەكیان لەگەڵ ئێران و كۆریای باكور كردووە و چەكیان گەیاندووەتە سووریا.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د