کارتی نیشتیمانی دەدرێت بە عەرەبە هاوردەکانی کەرکووک
ئەنجوومەنی پارێزگا لێپێچینەوە لەبەڕێوەبەری ناسنامە و باری شارستانی دەکات

:: PM:03:06:25/03/2017 ‌
ئەندامیکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رەخنەی توند لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کارتی نیشتیمانی عێراق دەگرێت و لەبارەی پێدانی کارتی نیشتیمانی بە عەرەبە هاوردەکانی ئەو شارەش رای دەگەیەنێت، لەسەر ئەو پرسە بەڕێوەبەری گشتیی ناسنامە و باری شارستانیی پارێزگای كەركووك بانگھێشتی ئەنجوومەن بكرێت.

وەک نارەزاییەک لە بەرامبەر گۆڕینی ناوی کەرکووک بۆ تەئمیم،. بە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک وەرگرتنی کارتی نیشتیمانی لەو پارێزگایە وەستێندرا و دواتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارتی نیشتیمانی عێراقی بریاری دەرکرد لەبری ناوی تەئمیم، لەسەر کارتی نیشتیمانی ناوی راستەقینەی ئەو شارە، واتا کەرکووک بەکار ببرێت، ئەندامیکی ئەنجوومەنی پارێزگایش پرسیار لەبارەی چارەنووسی ئەو کارتانەوە دەکات کە پێشتر بەناوی تەئمیمەوە لەو پارێزگایە دراون بە هاوڵاتیان.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەسەر لیستی برایەتی له‌ ڕێگه‌ی پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ئاشکرای دەکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارتی نیشتیمانیی عێراقی، بڕیاری دا لەبری ناوی تەئمیم ناوی رەسەنی شارەكە واتە بە كەركووك تۆمار بكرێت، بەڵام كێشە لەوەدایە ئایا ئەو كارتانەی پێشتر بە تەئمیم نووسرابوون، چارەنووسیان چیی دەبێت و چۆن ناوی تەئیمیم دەسڕێتەوە، چونكە پێش ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاری راگرتنی كارتی نیشتیمانی بدات، ژمارەیەكی بەرچاو ھاووڵاتی كەركووك كارتی نیشتیمانییان دروست كردووە و ناوی پارێزگاكە بە تەئمیم تۆمار كراوە، ئەوەش بۆ ئێمەی كورد مایەی قەبووڵكردن نییە.



زیاتر روونی دەکاتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارتی نیشتیمانیی عێراق، ھەڵەیەكی دیكەی گەورە لەبەرامبەر كەركووك كردوویەتی ئەوەیە، بە دروستكردنی كارتی نیشتیمانی بۆ ئەو عەرەبە ھاوردانەی ساڵانی حەفتاكان و ھەشتاكانی سەدەی رابردوو ھاتوونەتە شاری كەركووك، چونكە ئەگەر بەوشێوەیە كارتی نیشتیمانی بۆ عەرەبی ھاوردە بكرێت، ئەوا كار بە ئامار و تۆماری ساڵی 1957 ناكرێت و كێشە بۆ كەركووك دروست دەبێت.



ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دووپاتیشی دەکاتەوە، ئێمە وەك لیستی برایەتی لە ئەنجوومەن، بەھیچ شێوەیەك رازی نابین كارتی نیشتیمانی بۆ عەرەبە ھاوردەكان دروست بكرێت؛ بڕیاریش وایە لەسەر ئەو پرسە بەڕێوەبەری گشتیی ناسنامە و باری شارستانیی پارێزگای كەركووك بانگھێشتی ئەنجوومەن بكرێت، تا لەسەر دروستكردنی كارتی نیشتیمانی بۆ ھاووڵاتیانی عەرەبی ھاوردە روونكردنەوە بدات و، ناوی تەئمیمیش بە یەكجاری لە سیستەمی باری شارستانیدا بسڕێتەوە و بكرێتەوە بە كەركووك.




وشە - هیدایه‌ت جان