حکوومەت لەبارەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی خوێندکاران بڕیاری دا

:: PM:03:36:25/03/2017 ‌
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، وەزارەتەکەی سی ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانی تواناسازی تەرخان کردووە و لەمەودوا لەڕێگەی سیستەمی بانکییەوە مامەڵە بەو پرسەوە دەکرێت.

ئەمڕۆ شەموو 25ی ئادار/مارس، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لەگەڵ نوێنەری ژمارەیەك زانكۆی ئەو وڵاتە كۆبووەتەوە و تیایدا ئاشکرای کرد، حکوومەتی هەرێم بڕیاری لەسەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی خوێندکاران و قوتابیان داوە.

زیاتر روون کراوەتەوە، لە رۆژی شەشی ئاداری ئەمساڵەوە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر تەرخانكردنی 30 میلۆن دۆلار بۆ خوێندكارانی تواناسازی داوە، بەتایبەت ئەوانەی ئێستا لە پرۆسەی خوێندندان.

هەروەها دووپات کراوەتەوە، حکومەت پابەندییەكانی بەرامبەر زانكۆكان و خوێندكارانی تواناسازی جێبەجێ دەكات و شایستە داراییەكانیش لە رێگەی بانكەوە دەدرێت، ئەمەش لەپێناو پەیڕەوكردنی شەفافیەتی زیاتر لە جێبەجێكردن و راییكردنی كاروبارەكانی بەرنامەی تواناسازی.


وشە - هیدایه‌ت جان