عێراق لە دژی توركیا پەنا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش دەبات

:: PM:01:51:06/10/2016 ‌
عێراق داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات بۆ سازكردنی دانیشتنێكی نائاسایی بۆ باسكردنی بوونی هێزەكانی سەربازی توركیا لەناو خاكی عێراق و نەهێشتنی پێشێلكارییەكانی.

چەند رۆژی رابردوو بەهۆی لێدوانی گەورە بەرپرسانی توركیا لەبارەی جەنگی مووسڵ و وادەی دەست پێكردنی جەنگەكە و ئەو هێزانەی كە نابێت بەشداری تیادا بكەن، هەروەها بڕیارێكی پەرلەمانی عێراق بە رەتكردنەوەی بڕیارێكی پەرلەمانی توركیا بە درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی سەربازانی توركیا لە عێراق، نێوانی عێراق و توركیا ئاڵۆزی تێ كەوت.

بەپێی بەیاننامەیەكی حكوومەتی عێراق كە لە تەلەڤزیۆنی فەرمی عێراق خوێنرایەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای سازكردنی دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی كردووە بۆ باسكردنی پێشێلكارییەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی عێراق و دەستوەردانی لە كاروباری ناوەخۆی.

هەفتەی رابردوو پەرلەمانی توركیا مانەوەی نزیكەی دوو هەزار سەربازی توركیای لە سەربازگەی زێلكان لە بەعشیقە لە نزیك مووسڵ بۆ ماوەی ساڵێكی تر درێژ كردەوە بەمەبەستی پاڵپشتیكردنی ئەو هێزانەی جەنگی داعش دەكەن لە عێراق.

ئەحمەد جەمال گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رای گەیاند كە محەمەد عەلی حەكیم نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان، داوایەكی فەرمی داوەتە فیتالی چۆركین سەرۆكی ئەو خولەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سازكردنی دانیشتنێكی نائاسایی و باسكردنی ئەو پرسە.

بەپێی قسەكانی جەمال، عێراق داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش كردووە كە بەرپرسیارەتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بەرامبەر بە عێراق و بڕیارێك لە دژی توركیا دەربكات و سنوورێكی بۆ دیاری بكات بۆ نەهێشتن و رێگرتن لە پێشێلكارییەكانی بۆ سەروەری عێراق و رێزگرتن لە پرەنسیپی دراوسێتی لە رێگەی نەدانی لێدانی دەمارگیری بۆ عێراق.

دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بڕیاری بانگهێشتنی باڵوێزی توركیای لە بەغدا دەركرد بەهۆی لێدوانەكانی دوایی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لەو كاتەی نوعمان كورتلموش جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا هەڕەشەی ئەوەی كرد كە كەس مافی ئەوەی نییە باسی هێزەكانمان لە عێراق بكات لە سایەی ئەو دۆخە دابەشبووەی عێراق.

 وشە/حورە، سپۆتنك-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل