هەولێر دایكێك و دوو كچ خنكان

:: PM:04:22:26/03/2017 ‌

لە ڕووبارێكی شارۆكەی مێرگەسۆری سەر بە پارێزگای هەولێر، سێ‌ هاووڵاتی ڕۆژئاوای كوردستان دەخنكێن و تەرمەكانیشیان ڕەوانەی باكوری كوردستان دەكرێتەوە و لەوێشەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەبرێن بەمەبەستی بە خاكسپاردنیان.

ئەمڕۆ یەكشەم غەفوور ئەحمەد قایمقامی شارۆكەی مێرگەسۆر سەر بە پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە ڕووباری ماوەت لە سنووری نێوان باشووری كوردستان و توركیا، سێ‌ هاووڵاتیی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان خنكاون و تەرمەكانیان ڕەوانەی توركیا كراوە.

قایمقامی شارۆكەی مێرگەسۆر دەڵێت، ئەو سێ هاووڵاتییە پێك هاتوون لە دایكێك و دوو كچ و تەرمەكانیان ئێستە لە توركیایە و بڕیارە ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان بكرێنەوە بەمەبەستی بەخاكسپاردنیان.

لەبارەی هۆكاری گیان لە دەستدانی ئەو سێ‌ ئافرەتە قایمقامی مێرگەسۆر گوتی، ئەو هاووڵاتییانە ویستوویانە بەڕێگەی نایاسایی لە ڕێگەی توركیاوە كۆچ بۆ وڵاتانی ئەوروپا بكەن.

ڕووباری ماوەت یەكێكە لەو ڕووبارانەی لە سنووری وڵاتی توركیا نزیكە و تیژڕۆ و لێڵە لە ناوچە شاخاوییەكانی ئەو سنوورە.


وشە - رامیار جەواد