هەڵمەتی "نا بۆ پەخشی راستەوخۆ"ی شەڕی پێشمەرگە دەستی پێ كرد

:: PM:03:55:22/10/2016 ‌

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە دەستپێكی كردەوەگەلی ئازاكردنەوەی پارێزگای مووسڵ، كەناڵە ڕاگەیاندنەكانی كوردستان كەوتوونەتە پەخشی ڕاستەوخۆی بەرەكانی جەنگ، بەشێك لەو كەناڵانە بەبێ بوونی هیچ سانسۆرێك، تەواوی دیمەنەكانی جەنگ و ڕوبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە بەرەكانی جەنگ و لە ڕووداوە لەناكاوەكانی تردا دەگوێزنەوە، ئەمەش بەپێی قسەی چاودێران، بەزیان بۆ پلان و پێگەی هێزەكانی پێشمەرگە و سوودمەندی بۆ داعش دەشكێتەوە و دەژمێردرێت.

ماوەی دوو ڕۆژە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك هەڵمەتی "نا بۆ پەخشی راستەوخۆ"  دەستی پێ كردووە و لەو ڕێگەیەوە هەوڵ دەدرێت ڕێگری لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بكرێت لەو جۆرە ڕووماڵەی كە تەكنینەكانی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكان لەگەڵ تیرۆریستاندا دەخاتە سەر شاشە.

لەمبارەیەوە بڕوا تەها (دەرهێنەر)  لە هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكەوە هەڵمەتەكەی دەست پێ كردووە، بە "وشە"ی گوت: ئامانجی ئەم كارەی من خزمەتكردنە بە پلانی سەربازیی هێزەكانی پێشمەرگە، میدیا كوردییەكان بەشێوەی ڕاستەوخۆ هەموو زانیارییەك پەخش دەكە كە ئەمەش لە بەرژەوەندی داعش دەشكێتەوە.

دەشڵێت: بە نموونە، ئەو شەڕەی دوێنێ لە شاری كەركووك ڕووی دا، 13 سەعاتی خایاند، هۆكاری ئەوەبوو داعش سوودی لە پەخشی ڕاستەوخۆ دەبینی كە بە تەلەفۆن زانیارییان لە دەرەوە دەدایە ئەو داعشانەی لەناو بیناكەدا بوون.

بڕوا ئاماژە بەوەش دەكات، من داوام لە خەڵكی كوردستان كرد كە پاڵپشتی بكەن لە ڕاگەیاندنی كەمپینی "دژ بە پەخشی راستەوخۆ" لەكاتی شەڕەكاندا، چونكە بە شێوازی هەڵە میدیاكان ئەنجامی دەدەن و دەڵێ: باشترین میدیا ئەوە نییە كە زوو هەواڵەكە دەگەیەنێت، بەڵكو ئەو میدیایەیە كە بزانێت هەواڵەكە تاچەند مەترسی هەیە بۆ سەر پلانی هێزی تەناهیی وڵاتەكەی خۆی. 

بڕوا تەها زیاتر بە "وشە"ی گوت: لەكاتی پەخشی راستەوخۆدا ژمارەیەكی زۆر لە برا پێشمەرگەكان دەست بەرز دەكەنەوە و بە تەلەفۆن قسە دەكەن كە ئەمەش سەڕەڕای سەرقاڵكردنی هێزە تەناهییەكان، دەتوانرێت بە ئاسانی شوێنەكانیان دەستنیشان بكرێت.

هەروەها دەڵێت: پلانی تەناهی تا دوای جێبەجیكردن نابێت ئاشكرا بكرێت، بەڵام لە كوردستان میدیاكان داوای مافی ئازادی پەخش دەكەن و زۆر جار شوێنی قەناس بەدەستەكان ئاشكرا دەكەن، شتەكان راستەوخۆ پەخش دەكەن، بۆیە داعش لە جیاتی ئەوەی خەڵكی هەبێت زانیاری بۆ بگوێزێتەوە لە ڕێی میدیاكانەوە زانیاری بەدەست دەهێنێت، یان زۆر كات پەیامنێران ئاگاداری كرانەوەی دەنگی مایكەكانیان نین و زانیاری دەڵێن بە بێ ئاگاداربوون لە پچڕانی هێڵەكە، وەزارەتی ڕۆشنبیریش لە ڕێگەی وتەبێژەكەیانەوە ڕایان گەیاندووە كە ئەوانیش وەك وەزارەت پشتگیری لەو هەڵمەتە دەكەن، چونكە هەڵمەتەكە نوێیە و شتی وا نەكراوە و لە بەرژەوەندیی پێشمەرگە و پلانی تەناهیدایە..

هەولێر/ محەمەد میران


وشە - كوردۆ شابان