پزیشكێكی هیندستانی بە نیازی چییە؟

:: AM:12:03:15/05/2022 ‌

هیندستان سەرەڕای ئەوەی یەكێكە لە وڵاتە هەژارەكان و خاوەنی دووەم ژمارەی دانیشتووانە لە دوای چین، بەڵام لە رووی زانستی و پزیشكییەوە پێشكەوتووە، پزیشكێكی هیندستانی پلانی هەیە نەشتەرگەرییەكی دەگمەن ئەنجام بدات، ئەو دەیەوێ منداڵدانێك لەناو هەناوی كەسێكی رەگەزگۆڕاودا بچێنێتـ بۆ ئەوەی توانای منداڵبوونی بۆ فەراهەم بێت.

وەك رۆژنامەی "زە میرۆر"ی بەریتانی باسی كردووە، د. ناریندرا كۆشیك، پزیشكی هیندستانی كە لە نیودلهی دادەنیشێت، هەوڵ دەدات نەشتەرگەرییەكە لە نۆرینگەی خۆی ئەنجام بدات بە بەكارهێنانی منداڵدانێك كە لە بەخشەرێكەوە وەرگیراوە.

ئەو پزیشكە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، هەر ژنێكی رەگەزگۆڕاو خواستی ئەوەی هەیە تا پێی بكرێت ببێتە مێیینە، ئەوە توانای بوونە دایكیش دەگرێتەوە، بۆیە تاكە رێگە بۆ ئەو حاڵەتە چاندنی منداڵدانە، بە هاوشێوەی چاندنی گورچیلە یان هەر نەشتەرگەرییەكی تری چاندنی ئەندامەكان.

روونی كردەوە، بەڵێ ئەوەیە دواڕۆژ، ناتوانم وادەی نەشتەرگەرییەكە بە دیاریكراوی رابگەیەنم، بەڵام ئەنجامدانی زۆر نزیكە، لای خۆیەوە د. رۆبەرت ونستۆن، پزیشكی بەریتانی پێی وایە كە ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە زۆر مەترسیدارە و كێشەكانی بەردەمی زۆر گەورەیە و زۆر زەحمەت دەبێت.

ئەو پزیشكە ئاشكرای كرد كە مەترسی گیانلەدەستدانی نەخۆشەكە زۆر بەرزە، چ لەبارەی چاندنەكەوە یان دووگیانبوونییەوە، تەنانەت لە رووی ئەخلاقیشەوە قبووڵكراو نییە.

ئەو نەشتەرگەرییە ئەگەر سەركەوتوویش بێت، بەڵام دووگیانبوونەكە ئاسایی نابێت، چونكە منداڵدانەكە بە كەناڵی فالووب نەبەستراوەتەوە، بۆیە دەكرێت لە رووی تیۆرییەوە پیتاندن دەستكرد بێت.

شایەنی باسە لە مێژوودا تەنیا یەك حاڵەتی چاندنی منداڵدان لە كەسێكی رەگەزگۆڕاو هەبووە لە ساڵی 1931 بۆ هونەرمەندێكی دانیماركی، بەڵام دوای چەند مانگێك بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل