"وشە" رووداوی پەلاماری سەگ بۆ سەر لیای 10 ساڵی بڵاو دەكاتەوە

:: PM:01:45:18/05/2022 ‌

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەم كچێكی 10 ساڵی كە نەخۆشیی دەروونی هەبووە، دەچێتە ناو قەفەسی سێ‌ سەگی ڕاهێنراوی پاسەوانی، ئەو سەگانە پەلاماری دەدەن و پارچە پارچەی دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی ئایار، عەلی بەچە باوكی لیا /10 ساڵ/ كە بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە مرد، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، رۆژی دووشەم سەعات 2:40 دوای نیوەڕۆ، لیا لە ماڵ دەرچووبوو، ئێمەش دەستمان كرد بە گەڕان بەدوایدا، تا كەمێك گەڕاین بە گەڕەكەكەدا، كەمێك دوا كەوتین، دواتر گەڕاینەوە بۆ لای ئەو ماڵەی دراوسێمان كە ژمارەیەك سەگیان هەبوو.

زیاتر گوتی، ئەو ماڵەی دراوسێمان سێ سەگی پاسەوانی راهێنراویان هەیە و لە قەفەزی تایبەتدا دایناون، بەڵام كچەكەم كە خۆی نەخۆشیی دەروونی هەبوو، بەسەر تەلەكاندا هەڵگەڕاوە و چووبوو یارییان لەگەڵدا بكات.

باوكی لیا باسی لەوەش كرد، لە گرتە ڤیدیۆیەكدا بینیومە كە منداڵەكەم بە قەفەزەكەدا سەردەكەوێت و سەگەكانیش پەلاماری دەدەن، بەڵام خۆم كە گەیشتم تەنیا فریای ئەوە كەوتم بە پاسەوانەكە بڵێم یارمەتیم بدات دەری بهێنین.

روونی كردەوە، دوای دەرهێنانی لە  قەفەزەكە بینیم پارچە پارچەیان كردبوو، بەكەڵكی ئەوە نەمابوو بیبەینە نەخۆشخانە، تەنانەت حەزم نەكرد دایكیشی بەو شێوەیە بیبینێت.

ئاشكرای كرد، داوای یاساییان لەسەر ئەو ماڵە تۆمار نەكردووە، چونكە زۆر لەوان پەرێشانتر بوون بەو رووداوە، هەر دوای رووداوەكە سەگەكانیشیان كوشتووە.



وشە - رامیار جەواد