جگەرەی ئەلیكترۆنی كێشەی دڵ كەم دەكاتەوە؟

:: PM:05:40:18/05/2022 ‌

رەنگە یەكێك لە شوێنگرەوەكانی جگەرە و توتن و نیكۆتین، كە بە قسەی پزیشك و شارەزایانی تەندروستی هۆكارێكی سەرەكییە بۆ چەندان نەخۆشی مەترسیدار و مردن، جگەرەی ئەلیكترۆنییە، بەو پێیەی زیانەكانی جگەرەی ئاسایی كەم دەكاتەوە و ئەو ئالودەبوونەیش چارەسەر دەكات كە بەهۆی نیكۆتینەوە دروست دەبێت، بەڵام تا چەند دەتوانێت كێشەكانی دڵ كەم بكاتەوە؟

نووسینگەی راگەیاندنی كۆمەڵەی دڵی ئەمەریكی رای گەیاند كە پزیشكانی دڵ بۆیان دەركەوتووە پەنابردن بۆ جگەرەی ئەلیكترۆنی لە بری جگەرەی ئاسایی، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن كەم ناكاتەوە.

ئەندریۆ ستۆكس، مامۆستای یاریدەر لە زانكۆی بۆستن دەڵێت، چەندان جگەرەكێش دەیانەوێ بە تەواوەتی یان كەم كەمە بەرەو جگەرەی ئەلیكترۆنی بچن، ئەوەیش بۆ كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشیانەی بەو هۆیەوە دروست دەبێت، بەڵام لە توێژینەوەكەمان دەركەوتووە كە بەكارهێنانی هاوكاتی هەردوو جۆر مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن كەم ناكاتەوە. 

لە ماوەی دوایی توێژینەوەكان دەریانخست كە زیانەكانی جگەرەی ئەلیكترۆنی بۆ تەندروستی مرۆڤ لەوەی جگەرەی راستەقینە كەمتر نییە، چونكە ئەویش ژەهر و مادەی كیمیایی شێرپەنجەیی لەخۆ دەگرێت و وا دەكەن دیواری لوولەكانی خوێن پووكاوەتر بن.  

24 هەزار كەس لە هەردوو رەگەز بەشداریان لە توێژینەوەكە كرد، زیاتر لە نیوەیان یەكێك لە دوو جۆرەكەیان كێشاوە و 1800یان بە تێكەڵی هەردوو جۆریان دەكێشا، دەركەوت رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن لە نێوان ئەوانەی تەنیا جگەرەیان كێشاوە و ئەوانەیشی بە تێكەڵی كێشاویانە جیاوازییەكی ئەوتۆی نەبووە.  

لەو كاتەی ئەوانەی بەتەواوەتی جگەرەی ئەلیكترۆنیان كێشاوە، تووشبوونیان بە رێژەی 30 بۆ 40% كەم بووەتەوە، ستۆكس و تیمەكەی پێیان وایە كە جگەرەی ئەلیكترۆنی سوودی تەندروستی بۆ جگەرەكێشان نییە لەوانەی دیانەوێ واز لە جگەرەكێشان بێنن، بۆیە دەبێت هەوڵی وازهێنان بدەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل