خۆڵبارین دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:07:20:18/05/2022 ‌

پێ دەچێ وەرزی هاوینی عێراق تەنیا گەرم نەبێت، كاتێك بەهۆی وشكەساڵی و نەبوونی پشتێنە و رووبەری سەوزایی و گۆڕانكاری كەشوهەوا و قەتیسبوونی گەرمی، شەپۆلی چڕی خۆڵبارینی لەگەڵدا بێت، ئەوەیش جیا لە زیان بۆ كشتوكاڵ و زیادبوونی ئەگەری رووداوەكان و خراپبوونی دۆخی تەناهی، زیانی تەندروستی هەیە، كەشناسێكی عێراق دەڵێت لە شەمووەوە شەپۆلێكی تری خۆڵبارین دەست پێ دەكات.

سادق عەتییە، كەشناسی عێراقی ئەمڕۆ چوارشەم لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، پێشبینی دەكرێت لە شەمووی داهاتووەوە شەپۆلێكی تری خۆڵبارین بە سووكی لە بەیانییەكەی و چڕ لە ئێوارەی هەبێت، سەرەتای شەپۆلەكە لە رۆژهەڵاتی سووریاوە دەست پێ دەكات و بەرەو شار ەكانی رۆژئاوا و باكوری رۆژئاوای عێراق دێت، دوای نیوەڕۆ و ئێوارەی شەموویش شارەكانیتر دەگرێتەوە.  

روونی كردەوە، تا ئێستە ئەوەی پێشبینیكراوە خۆڵبارینەكە چڕە و ئێوارەی شەموو و یەكشەم و دووشەم هەموو شارەكان دەگرێتەوە، ئەوەیش بەهۆی هاتنی بارستەیەكی ساردی هەوا و دروستبوونی جیاوازی و دابەزینی بەرچاوی پلەكانی گەرما لە نێوان شەموو و یەكشەم تا هەشت پلەی سەتی لە هەندێك شوێن.

عەتیە روونی كردەوە، شەپۆلەكە زیاتر شارەكانی ناوەڕاست و فوراتی ناوەڕاست و باشووری رۆژئاوای عێراق دەگرێتەوە، بەڵام مانای ئەوە نییە ناوچەكانیتر خۆڵبارین نابێت، بۆیە پێویستە خەڵك لە كاتی گەشتكردنی زەوینی وریا بن و گەشتە ئاسمانییەكانیش بەپێی دۆخی ئاسمان و فڕۆكەخانەكان دەبێت، ئەوانەیشی كێشەی هەستیاری و رەبوویان هەیە خۆیان لە بەركەوتنی خۆڵەكە بپارێزن و تا پێان دەكرێت لە ماڵ نەینە دەرەوە.  

دوێنێ نائل عللی، چاودێری كەشناسی گوتی، پێشبینی دەكرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بەتایبەتی شەوی یەكشەم یان دووشەم، رەشەبایەكی بەهێزی خۆڵبارین عێراق بگرێتەوە، ئەوە لەو كاتەی لە بەرەبەیانی دووشەمی رابردووەوە شەپۆلێكی خۆڵبارین زۆرینەی پارێزگاكانی عێراقی گرتەوە و بووە هۆی راگەیاندنی پشووی فەرمی لە ژمارەیەكیان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل