مەرجەكانی توركیا بۆ رازیبوون بە ئەندامیەتی فنلەندا و سوید لە ناتۆ

:: PM:08:44:18/05/2022 ‌

لە ماوەی دواییدا هەریەك لە فنلەندا و سوید بڕیاری خۆیان راگەیاند بە پێشكەیشكردنی داوای بوونە ئەندام لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ"، ئەو داواكارییە بە توندی لەلایەن ئەمەریكا و بەریتانیا و ئەوروپا پاڵپشتی دەكرێت، بەڵام پێویستە هەموو ئەندامانی هاوپەیمانیەتییەكە رازی بن لەوانەیش توركیا، رۆژنامەیەكی توركی باسی مەرجەكانی ئەنقەرە بۆ رازیبوونی بەو كارە دەكات. 

رۆژنامەی "سەباحی" توركی باسی 10 مەرجی توركیا دەكات، وەك مەرجی ئەنقەرە لە بەرانبەر وەرگرتنی فنلەندا و سوید لە ریزەكانی هاوپەیمانی ناتۆ وەك لە خوارەوە:

*روونكردنەوەی هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتە لە بەرانبەر پەكەكە و لقەكانی و حسێبكردنیان وەك قەوارەی "تیرۆریستی".

*وەستاندنی چالاكییەكانی پەكەكە لەو دوو وڵاتە، لەوانە مێواندارییكردنی سەركردەكانی لە پەرلەمانەكانیان، وەك زوبێر ئایدار. 

*وەستاندنی پاڵپشتیی دارایی بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل و شەرعیەت نەدان بەو رێكخراوە لە ژێر ناوی جەنگ لە دژی داعش. 

*خۆپاراستن لە پێوەندیكردن لەگەڵ سەرانی رێكخراوەكە لە عێراق و سووریا.

*وەستاندنی چالاكی ئەندامانی رێكخراوی فەتحوڵا گولەن، كە لە توركیا هەڵاتوون. 

*خێراكردنی رێوشوێنی رادەستكردنەوەی داواكراوان لە ئەندامانی پەكەكە و یەپەگە و كەچەكە كە بە ئەنجامدانی تاوان لە توركیا تاوانبارن و ناویان لە لیستی سووردایە.

*وەستاندنی پاڵپشتی بۆ هەر چالاكییەك هەڕەشە لە ئاسایشی توركیا بكات و لەگەڵ گیانی هاوپەیمانیەتی نەگونجێت.

*دانانی میكانیزمێك لە چوارچێوەی راوێژكاریی رێكخراو و هاریكاری توندوتۆڵ لە بواری نەهێشتنی تیرۆر لەگەڵ توركیا.

*بڕینی هاتنی پاڵپشتیی درایی بۆ ئەو رێكخراوانە و داخستنی حیساباتی بانكیان لە فنلەندا و سوید.

*قەدەغەكردنی چالاكی و هەوڵی كۆكردنەوەی یارمەتی دارایی بۆ رێكخراوەكانی لە دژی توركیا كار دەكەن بەناوی رێكخراوە نا حكوومەتییەكان.

زۆرینەی 30 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ لەسەر بوونە ئەندامی فنلەندا و سوید رازین، لەو كاتەی توركیا رەتی دەكاتەوە و دەڵێت مافی بەكارهێنانی ڤیتۆی هەیە بۆ رێگرتن لە بوونە ئەندامیان، لە بەرانبەردا بەم دواییە ئان لیندی، وەزیری دەرەوەی سوید هەڕەشەی لە توركیا كرد و گوتی، داوا لە هەموو ئەندامانی ناتۆ دەكەین پاڵپشتیمان بكەن، وڵاتە گەورەكانی ناو هاوپەیمانیەتییەكە پشتمان دەگرن، بۆیە لە بەرژەوەندی توركیایە لەگەڵ ئێمە و ئەو وڵاتانە هەڵ بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل