دۆخی عێراق بەرەو رووبەڕووبوونەوەی چەكداری پاڵ دەنرێِت

:: PM:09:28:18/05/2022 ‌

بەدەر لەو داخرانە سیاسییەی عێراقی گرتووەتەوە، هەنگاوە پەرەسندنەكانی دژبەیەكی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەردەوامە، چاودێران ئاماژە دەكەن كە چەند لایەنێك هەوڵی گەیاندنی دۆخەكە بە تەقینەوە و رووبەڕووبوونەوەی چەكداری دەدەن.

دوای تەنیا چەند سەعاتێك لە بێدەنگبوونی زمانی گفتوگۆ لە نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوە، كاتێك موقتەدا سەدر چوارچێوەی بە پاڵپشتیی دەرەكی و راكردنی بەدوای دەسەڵات وەسف كرد و بەوەی بۆ بەشبەشێنە ناگەڕێنەوە، دەستەی هاوئاهەنگی گرووپە بەرگریكارییە ئیسلامییەكان، گردبوونەوەی 10 میلیشیای شیعەی نزیك لە ئێران، بەیاننامەیەكیان دەركرد و رایان گەیاند، كە ترسیان هەیە لەوەی ئەو داخرانە سیاسییە كاریگەریی خراپی لەسەر كۆمەڵگە هەبێت، تەڕ و وشك بەیەكەوە بسووتێت و دۆخەكە بگاتە دووبەرەكییەك كەس رزگاری نەبێت.

لە بەرانبەردا ئەبو مستەفا محەمەداوی، بەرپرسی گشتیی سرییەكانی سەڵامی سەر بە موقتەدا سەدر لە وەڵامی میلیشیاكاندا گوتی، ئێمەیش ئامادەین و چاوەڕوانمان بكەن، ئەحمەد حەمدانی، شارەزا لە كاروباری عێراق دەڵێت، هاتنی میلیشیاكان بۆ ناو تەنگژەی سیاسی ئاماژەیەكی مەترسیدارە و رەنگە هەوڵێك بێت بۆ خۆدەرخستن و پێشاندانی هێز لەلایەن نەیارانی سەدرەوە.

روونی كردەوە، ئەو هەڵوێستەی میلیشیاكان نیگەرانی گەورەی لای چاودێران و شەقامیش دروست كردووە، بۆیە رەنگە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنێكی نوێ زۆر لە بەردەوامبوونی دۆخی ئێستە باشتر بێت، چونكە ئاماژەكردن بۆ چەك دووپاتی دەكاتەوە كە بەر لە بیركردنەوەی لە بنیاتنانی دەوڵەتێكی دامەزراوەیی بەهێز لە عێراق، پێویستە كێشەی بوونی میلیشیاكان چارەسەر بكرێت. 

لای خۆیەوە بەرپرسێكی رەوتی سەدر دەڵێت، موقتەدا سەدر رووبەڕووی گوشارێكی زۆر بووەتەوە بۆ پاڵنانی بەرەو وەرگرتنی هەڵوێستێكی دەمارگیر، ئەوان دەیانەوێ رەوتەكەی بچووك بكەنەوە و ئێستە و لە داهاتوویش كۆنترۆلی بكەن، هاوكات دەیانەوێ گوشار بخەنە سەر جەماوەری رەوتەكە و بەریەككەوتن لەگەڵیان، بەڵام دوور نییە سەدر پەنا بۆ جووڵاندنی شەقام ببات.       



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل