سامان بەرزنجی: بودجەی تەندروستی زیاد دەكرێت

:: PM:02:04:19/05/2022 ‌
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، هەموو هەوڵێكیان بۆ باشتركردن و دابینكردنی پێویستیی پزیشكی دەدەن و بودجەی تەندروستیش زیاد دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی ئایار، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی لەبارەی كەمبوونەوەی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، هاوكات ئەو تەنگژانەی لە ماوەی رابردوودا هەبوو قسەمان كرد.

وەزیری تەندروستی گوتی، پێداویستیی پزیشكی بەشێوەیەكی گشتی پێویستە هەموو لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدراڵەوە دابین بكرێت، بەڵام دیارە لە هەموو پارێزگاكانی عێراقدا، لە هەرێمی كوردستانیشدا كێشەی دەرمان هەیە و بەشێوەی 100٪ دابین ناكرێت.
 
وەزیری تەندروستی باسی لەوەش كرد، بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییەی هەیە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتییەكی دارایی، بە دابینكردن و تەرخانكردنی بودجەیەكی دیاریكراو كە ساڵانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دیاری دەكات.

روونی كردەوە، ئێستە مانگانە تەنیا شەش ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشكی تەرخان كراوە، ئەو پارەیە زیاد دەكرێت بۆ حەوت ملیار. لە ئەنجوومەنی وەزیراندا گفتوگۆمان كردووە كە دەسەڵاتی تر بە بەڕێوەبەرە گشتییەكان بدرێت.



وشە - رامیار جەواد