قایمقامی كەركووك وەڵامی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەداتەوە

:: PM:04:35:22/10/2016 ‌

قایمقامی ناوەندی شاری كەركووك ئاشكرای كرد، كە هێزەكانی حەشدی شەعبی نەهاتوونەتە ناو كەركووك تا بەرگری لە شارەكە بكەن و هاتنی مەهدی موهەندیسی جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی تەنیا بۆ ناوچەی بەشیری توركمانی شیعە بووە نەك ناو شار، ئەوەشی بەرگری لە شارەكە كرد پێشمەرگە و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بوون نەك حەشدی شەعبی.

كامیل ساڵەیی قایمقامی شاری كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەو كاتەی تیرۆریستان هێرشیان كردە سەر چەند شوێنێكی شارەكە، تەنیا هێزی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی ناو شار ڕووبەڕوویان بوونەوە و ئەمڕۆش توانیان كۆتایی بە تیرۆریستان بێنن و كەركووك لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە.

هەروەها گوتی، من نازانم ئەو شێوازی خۆ دەرخستنەی حەشدی شەعبی بە چ مەبەستێكە و دەیانەوێ چی بڵێن، ئەوەی بەرگری لە كەركووك كرد و ڕووبەڕووی تیرۆریستان بووەوە، ڕوونە كە كێ شەڕی كردووە و كێ شەهیدی داوە، ئەگەر ئەوان دەڵێن كە شەڕیان كردووە و كەركووكیان پاراستووە، كوا چالاكییەكانیان بۆ هیچ بریندار و كوژراوێكیان نەبووە.

ئاماژەی دا، حەشدی شەعبی لە ناوچە توركمان نشینەكانی وەك بەشیر و تازە لە باشووری كەركووك بەرگریان لە خۆیان كردووە، بەڵام لە ناو شار تەنیا هێزی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی تر ڕووبەڕووی تیرۆریستان بوونەتەوە و هیچ ئاڵایەكی حەشدی شەعبی لە سەنتەری شاری كەركووك نەبووە و هیچ چالاكییەكیشیان بۆ لەناوبردنی ئەو تیرۆریستانە نەبووە كە دزەیان كردە ناو كەركووك.

لە میدیاكانی عێراق و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی، میلیشیاكانی شیعە و لایەنگرانیان بە شێوەیەكی یەكجار بەربڵاو باس لەوە دەكەن، كە ئەوان تیرۆریستانیان لە كەركووك تێكشكاندووە و كەركووكیان پاراستووە.

حەشدی شەعبی بریتین لە كۆمەڵێك گرووپی چەكداری میلیشیای شیعە دوای هاتنی داعش بۆ عێراق و گرتنی سێیەكی خاكی عێراق بە فتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكانی عێراق هاتنە سەنگەرەكانی جەنگ و ڕووبەڕووی تیرۆریستان بوونەوە، بەڵام دەیانجار بە پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تاوانبار كراون، بەتایبەت لەكاتی رزگاركردنی ئەنبار و تكریت و فەلووجە ماڵی خەڵكیان سووتاند و سامانی خەڵكیان دزی و بەشێوەیەكی هەڕەمەكی بۆردمانی گردبوونەوەی هاووڵاتییانی مەدەنیان كرد و مزگەوتەكانیان تەقاندەوە و بەگوێرەی ئامارەكان تا ئێستە 250 مزگەوتی سونەیان سووتاندووە و تەقاندوویانەتەوە.

رۆژی هەینی 21 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە رێی بازگەی مەكتەب خالید و سنوورەكانی باشوور و رۆژئاوای كەركووكەوە بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئاسایش نزیكەی 30 تا 40 چەكداری رێكخراوی تیرۆریستی داعش هاتوونەتە نێو كەركووك و بە چەند گەڕەكێكی شارەكە بڵاو بوونەوە و له رۆژئاوای كەركووكیش چوونە نێو شارەدێ دوبس و هێرشیان كردە سەر وێستگەی كارەبا و 34 كەسیان لێ شەهید كرد. ڕووبەڕووبوونەوەكان لەگەڵ تیرۆریستان لە گەڕەكەكانی یەكی حوزەیران و دۆمیز و واسیت و تسعین و چەند گەڕەكێكی تر بەردەوام بوون، بەڵام هاووڵاتییانی كەركووك دەستیان كردە چەك و بەنێو كۆڵانەكان بڵاوەیان كرد و رێگریان لەوە كرد تیرۆریستان بە تەواوی ڕەوشی شارەكە بشێوێنن، دواتریش هێزی پێشمەرگە لە هەولێر و سلێمانییەوە گەیشتنە شارەكە و توانیان بە رێژەی 95% كەركووك كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

كەركووك یەكێكە لە پارێزگاكانی باشووری كوردستان و زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتووانی كوردە و شارێكی دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت، دوای رووخانی بەعس بە مادەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق چارەسەر بۆ ئاسایی كردنەوە و قەرەبووكردنەوە و راپرسی لە شارەكە دانرا بۆ ئەوەی خەڵكی شارەكە بڕیار لەوە بدەن كە دێنەوە سەر هەرێمی كوردستان یان لەگەڵ بەغدا دەمێننەوە، بەڵام حكوومەتەكانی عێراق دەستووری دەنگ لەسەرداویان جێبەجێ نەكرد، دوای هاتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش ناوچە عەرەبییەكانی باشوور و رۆژئاوای كەركووك كەوتنە دەست تیرۆریستان و سوپای عێراقیش لە شارەكە ڕایكرد، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان گەیشتنە شارەكە و رێگریان لە پێشڕەوی تیرۆریستان كرد و ئێستەش تەواوی سنوورەكانی باشوور و رۆژئاوای كەركووك پێشمەرگەی كوردستان لێی بڵاوبوونەتەوە و دەیپارێزن.


وشە - رامیار جەواد