سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شارۆكه‌ی مووسڵ رای ده‌گه‌یه‌نێت كه بۆردمانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی گه‌ڕه‌كێكی به‌ری راستی مووسڵ 500 قوربانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه و تا ئێسته ته‌رمه‌كان به ته‌واوه‌تی ده‌رنه‌هێنراون. گوته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌بییه‌كانی نه‌ینه‌وا ژماره‌كه به‌رزتر ده‌كاته‌وه بۆ هه‌زار و 500 كوژراو و بریندار. رووداوه‌كه گومانی زیاتر له جه‌نگی كه‌وتووه‌ته سه‌ر وه‌ك "به‌رنامه‌یه‌ك بۆ كردنه ئامانجی مووسڵاوییه‌كان" ده‌خوێنرێته‌وه.
شێخ موزاحیم ئه‌حمه‌د حوێت گوته‌بێژ به‌ناوی هۆزه عه‌ره‌بییه‌كانی نه‌ینه‌وا، بۆ "وشه" رای گه‌یاند، ژماره‌ی قوربانییه‌كانی بۆردمانی دوایی بۆ گه‌ڕه‌كی مووسڵ ئه‌لجه‌دیده له به‌ری راستی مووسڵ، گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ی هه‌زار و 500 كه‌س له نێوان كوژراو و بریندار، ژماره‌ی شه‌هیده‌كان له نێوان 700-800 كه‌س ده‌بن و بۆردمانه‌كه به ته‌نیا مووشه‌كێك و به‌چه‌كی ئاسایی نه‌كراوه، به‌ڵكو نیوه‌ی ته‌واوی گه‌ڕه‌كێك وێران كراوه، ئێمه قسه‌مان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كرد و گوتیان له‌سه‌ر بنه‌مای زانیارییه‌كانی كرده‌وه‌گه‌لی مووسڵ، بۆردمانه‌كه‌مان ئه‌نجام داوه.
زیاتر گوتی، ئه‌وه‌ی رووی داوه به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می هێزه ته‌ناهییه‌كان بووه به‌هۆی دانی زانیاری نادروست، هه‌روه‌ها كه‌مته‌رخه‌می تیمه‌كانی رزگاركردن و ته‌ندروستی، بۆیه داوای لادانی وه‌زیری ته‌ندروستیی عێراقمان كردووه.
حوێت دووپاتی ده‌كاته‌وه كه هه‌مان رۆژانی به‌ر له هاتنی داعش بۆ مووسڵ دووباره ده‌بێته‌وه و له‌م رۆژانه‌ش داعش بازاڕێكی نه‌بی شیتی به‌ری چه‌پی بۆردمان كرد و 16 كوژراو و زیاتر له 40 برینداری لێ كه‌وته‌وه.
"ئه‌وه‌ی روو ده‌دات، نووچخواردنی هێزه ته‌ناهییه‌كانه له پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، هاوكات داعش له رێگه‌ی كوشتن و بۆردمانی هاووڵاتییان ده‌یه‌وێ ترس دروست بكاته‌وه تا خه‌ڵكه‌كه له‌و شاره بڕۆن، بێجگه له‌وه تا ئێسته كه‌سانێك ماون له مووسڵ كه لایه‌نگری داعشن، به‌ده‌ر له بوونی پێشبینییه‌ك به بوونی چه‌ند هێزێك وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی سه‌ربه حه‌نین قه‌دۆ و نزیك له نووری مالیكی كه هه‌وڵی ئه‌و جۆره ره‌فتارانه ده‌ده‌ن بۆ دروستكردنی فیتنه‌یه‌كی تایفی و جه‌نگی ناوخۆیی له‌ناو مووسڵدا" گوته‌بێژه‌كه‌ی هۆزه‌كان وای گوت.
به‌پێی قسه‌ی حوێت، ئه‌و جۆره رووداو و تاوانه‌ی له مووسڵ روو ده‌ده‌ن، له چوارچێوه‌ی به‌ربه‌ره‌كانی سیاسی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان سوودی لێ ده‌بینرێت و یه‌كێك له مه‌به‌سته‌كانی رووخاندنی حكوومه‌تی عه‌بادییه به پاڵپشتی نووری مالیكی و ئێران.
خه‌ڵه‌ف عوبێد حه‌دیدی سه‌رۆكی لیژنه‌ی پلاندانانی ستراتیجی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا رای گه‌یاند، به‌پێی ئاماری وردی به‌رگری شارستانیی مووسڵ، له به‌ری راستی مووسڵ تا ئێسته 249 ته‌رمی هاووڵاتییان ده‌رهێنراون، هه‌رچی دوا بۆردمانیشه تا ئێسته ته‌رم له‌ژێر پاشماوه‌ی خانووه‌كان ده‌رده‌هێنرێت، پێشبینی ده‌كه‌ین ژماره‌ی كوژراوان بگاته 300 كه‌س، واته ئه‌وه‌ی به‌م دواییه له گه‌ڕه‌كی مووسڵی ئه‌لجه‌دیده بۆردمان كراوه، خانوویه‌كی دووقات بووه كه هه‌ر 134 كه‌سی له‌خۆ گرتووه، بێجگه له دوو خانووی ده‌وروبه‌ری كه یه‌كێكیان 28 قوربانی و ئه‌وه‌ی تر حه‌وت قوربانی تێدا بووه.
زیاتر گوتی، راستی رووداوه‌كه ئه‌وه‌یه كه هێزه ته‌ناهییه‌كانی عێراق زانیاری‌یان له‌باره‌ی بوونی لۆرییه‌ك و كیایه‌كی بۆمبڕێژكراو له به‌رده‌م ئه‌و ماڵانه‌دا به هاوپه‌یمانان داوه و ئه‌وانیش بۆردمانیان كردوون به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ردوولا بزانن كه ئه‌و هاووڵاتییانه له‌ناو ئه‌و خانووانه‌دا هه‌ن، بۆیه به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دوو ئۆتۆمبێله‌كه، ئه‌و ژماره زۆره‌ی قوربانیان كه‌وتووه‌ته‌وه، ئه‌وانه‌شی باس له سێ بۆ چوار هه‌زار قوربانی ده‌كه‌ن، راست ناكه‌ن و ره‌نگه بۆ مه‌به‌ستی سۆزداری یان سوود لێ وه‌رگرتنی سیاسی به دواوه بێت.
لای خۆیه‌وه ره‌عد ده‌هله‌كی په‌رله‌مانتاری سوننه، به"وشه"ی راگه‌یاند، ژماره‌ی قوربانییانی بۆردمانه‌كه‌ی مووسڵ به وردی دیار نییه، ئێمه له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران كۆ بووینه‌وه و ئه‌و بڕیاری دا وه‌زیری به‌رگری ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له مووسڵ رووی داوه و راگه‌یاندنی ژماره‌ی شه‌هیدان و سزادانی كه‌مته‌رخه‌مان.
روونی كرده‌وه كه داعش ده‌یه‌وێ وێنه‌یه‌كی تاریك و ناشیرین له‌باره‌ی ناوچه ئازادكراوه‌كان پێشان بدات، داعش له دوا ساته‌كانیدایه و هه‌موو شتێكی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، به‌ده‌ر له‌وه داوامان كردووه بۆردمانه‌كان وردتر بن بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، بۆیه ململانێ سیاسییه‌كان به‌و شێوه كه خوێنی هاووڵاتییانی تیادا بڕژێ به دوور ده‌زانین، هاوكات پێویسته هێزه‌كانی عێراق له كۆمه‌ڵكوژی هاووڵاتییان دوور بكه‌ونه‌وه، چونكه ده‌مانه‌وێ شاره‌كه ئازاد بكه‌ینه‌وه نه‌ك بیسووتێنین.
به‌سمه به‌سیم سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شارۆكه‌ی مووسڵ ئاشكرای كرد كه ژماره‌ی كوژراوانی بۆردمانه‌كه‌ی مووسڵ زیاتر له 500 كه‌سه و ده‌یان ته‌رمیش تا ئێسته له‌ژێر پاشماوه‌ی رووخاوی خانووه‌كانن.
به‌سیم رای گه‌یاند كه ئه‌وه‌ی رووی داوه نزیكه له‌وه‌ی بگوترێت به مه‌به‌ست بووه، چونكه بۆردمانه‌كه چه‌كدارانی داعشی نه‌كردووه‌ته ئامانج كه ژماره‌یان شه‌ش چه‌كدار بووه و له گه‌ڕه‌كه‌كه چوونه‌ته ده‌ره‌وه.
فه‌رمانگه‌ی به‌رگری شارستانیی مووسڵ ده‌ڵێ، ژماره‌ی قوربانییانی هاووڵاتی له‌وه‌ته‌ی ده‌ست پێكردنی ئازادكردنه‌وه‌ی به‌ری راستی مووسڵ له كۆتای كانوونی دووه‌می رابردوو زیادی كردووه و گه‌یشتووه‌ته زیاتر له سێ هه‌زار كوژراو.
له 19ی شوبات جه‌نگی ئازادكردنه‌وه‌ی به‌ری راستی مووسڵ ده‌ستی پێ كرده‌وه كه له رووی رووبه‌ره‌وه له به‌ری چه‌پ بچووكتره و 40%ی رووبه‌ری شاره‌كه پێك دێنێت، به‌ڵام له رووی چڕی و ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه قه‌له‌باڵغتره، به‌پێی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نزیكه‌ی 800 هه‌زار كه‌س له‌و به‌ره‌ی شاره‌كه نیشته‌جێن، له‌و كاته‌ی سه‌رچاوه عێراقییه‌كان باس له 650 هه‌زار كه‌س ده‌كه‌ن.