توركمان له‌ دژی ئاڵای كوردستان خۆپیشاندانیان ده‌ست پێ كرد

:: AM:11:04:29/03/2017 ‌
به‌شێك له‌ توركمانی كه‌ركووك له‌ دژی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر داموده‌زگه‌ حكوومییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌، خۆپیشاندانیان ده‌ست پێ كرد و پارێزگاری كه‌ركووكیش ده‌ڵێ ئاڵای كوردستان ئاڵای سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی ئه‌و شاره‌یه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 29ی ئادار/مارس، ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتییانی توركمانی شاری كه‌ركووك وه‌ك ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌ به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كه‌ی دۆینێی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، گردبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجام دا.

دۆینی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌پاڵ ئاڵای عێراق له‌ داموده‌زگه‌ حكوومییه‌كانی پارێزگای كه‌ركووك، په‌سند كرا و به‌ره‌ی توركمانی وه‌ك ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی هۆڵی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایان جێ هێشت.

دوای په‌سندكردنی بڕیاره‌كه‌، ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك رۆژی 28ی ئاداریان وه‌ك رۆژێكی مێژوویی بۆ شاره‌كه‌ په‌سند كرد و ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و زۆربه‌ی داموده‌زگه‌ حكوومییه‌كانی ئه‌و شاره‌ هه‌ڵكرا.

به‌ره‌ی توركمانی عێراقی وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌ پڕۆژه‌كه‌ی د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووك، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایان بایكۆت كرد و حه‌سه‌ن تۆران، ئه‌ندامی به‌ره‌ی توركمانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، بڕیاره‌كه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ وه‌سف كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی خۆپیشاندانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك كرد.

دوابه‌دوای ئه‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌، د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم به‌ میدیاكانی راگه‌یاند، ئاڵای كوردستان ئاڵای سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كه‌ركووكه‌ و بۆ ئه‌و بڕیاره‌ زۆربه‌ی توركمان و عه‌ره‌به‌كانی ئه‌و شاره‌ ده‌ستخۆشییان لێ كردووین.






وشە - هیدایه‌ت جان