سوپای عێراق دەچێتە ناو قەرەقوش و تەلكیف

:: PM:06:51:22/10/2016 ‌

لە شەشەم رۆژی دەست پێ كردنی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵدا سوپای عێراق هەڵی كوتایە ناو شارەدێی قەرەقووش لە دووری 20 كیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، هاوكات بەپێی هەواڵەكان هێرش بۆسەر شارۆكەی تەلكیف دەست پێ كردووە.

سوپای عێراق ئەمڕۆ شەموو لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە هێزەكانی چوونەتە ناوەڕاستی شارەدێی قەرەقووش، كە ناوچەیەكی كریستیاننیشنە و 20 كیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ دوورە، ئێستەش خەریكی پاككردنەوەی ناوچەكەن لە پاشماوەی چەكدارانی داعش.

هاوكات هێرشەكان بۆ كۆنترۆلكردنی گوندی كرملیسی كریستیانی بەردەوامە كە لە 2014ەوە كەوتووەتە دەستی داعش و خەڵكەكەی هەڵاتوون، كە بەپێی بەرپرسێكی ئەمەریكایی ژمارەی چەكدارانی داعش لە قەرەقووش 200 چەكدار بووە.

هەفتەی رابردوو هێزەكانی عێراق هێرشیان بۆسەر شارەدێی بەرتللەی كریستیان نشین لە باكوری قەرەقووش دەست پێ كرد و كۆنترۆلیان كردەوە.

هەر ئەمڕۆ سەرچاوەكانی هەواڵ رایان گەیاند كە سوپای عێراق دەستی بە هەڵمەتێكی سەربازی بۆ ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلكێف كردووە و ئەوان خەریكی پێشڕەوین. 

بەپێی سەرچاوەكان سوپای عێراق گەڕەكەكانی ئینتسار و تەحریر و سەربازی و سۆمەری كۆنترۆل كردووە و پێشڕەوییەكانی بەردەوامن. 

دووشەمی رابردوو هەڵمەتی سەربازی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە داعش دەستی پێ كرد و لە یەكەم رۆژی هێرشەكەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی نۆ گوند ئازاد بكاتەوە و زیانی گەورە بەداعش بگەیەنێت.

سەرچاوە: شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل