عێراق خواردنەوەی كحولی قەدەغە دەكات

:: PM:06:55:22/10/2016 ‌

ئەندامێكی لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی عێراق دەڵێ كە پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیارێكی داوە بە قەدەغەكردنی دروستكردن و فرۆشتن و هاوردەكردنی خواردنەوەی كحولی، لەو كاتەی پەرلەمانتارێكی كریستیان رای گەیاند كە تانە لەو بڕیارە دەدەن، ئەو ئەندامەی لیژنەكە دووپاتی دەكاتەوە كە تانەدان نادەستوورییە. 

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئاسایی ژمارە 24ی خۆی بۆ ئەم وەرزەی یاسادانان ساز كرد، ئەو چەند بڕیارێكی گرنگی دا لەوانە تایبەت بە ئێزدییەكان و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت كە باسی گەندەڵیان دەكرێت.

عەلی عەلاق ئەندامی لیژنەی ئەوقافی پەرلەمان لەو بارەوە رای گەیاند كە پەرلەمان دەنگی بۆ قەدەغەكردنی فرۆشتن و دروستكردن و هاوردەكردنی خواردنەوەی كحولی داوە كە بڕیارەكە قەدەغەكردنی هاتنی ئەو مادە لە سنوورەكانی عێراق دەگرێتەوە.

زیاتر گوتی، بڕیارەكە هەموو دووكان و شوێنەكان دەگرێتەوە كە كحوولی تیادا دەست دەكەوێت لەوانەش كە موڵەتیان هەیە و قەدەغەی هاتنی بۆناو عێراق دەكرێت و هەر كەسێك سەرپێچی بكات سزای 10-25 ملیۆن دیناری عێڕاقی بەسەردا دەسەپێت.

ئەو پەرلەمانتارە رای گەیاند كە هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) خاوەنی پڕۆژەكەیە و بەزۆرینەی دەنگ بڕیارەكە رۆیشتووە و هەر تانەیەكیش لەو بڕیارە لە دادگەی فیدراڵ رەت كراوەیە، چونكە بڕیارەكە دەستوورییە و دەستوور هەر شتێك رەت دەكاتەوە كە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بێت.

لای خۆیەوە یۆنادەم كەنا پەرلەمانتاری كریستیانی عێراقی رای گەیاند كە یاسای داهاتی شارەوانییەكان كە پەرلەمان دەنگی لەسەر دا یەكێك لە بڕگەكانی قەدەغەی هێنان و دروستكردن و فرۆشتنی ئارەق بە هەموو جۆرەكانی دەگرێتەوە، كە ئەوەش بڕگەیەكی نا دەستوورییە و لەگەڵ مافی كەمینەكان و ئازادی تاكەكەسی و پرەنسیپەكانی دیموكراسی ناگونجێت، بۆیە بەنیازین لە دادگەی فیدرال تانە لەو بڕگە بدەین.

زیاتر گوتی، ئەو بڕگەی یاساكە پێچەوانەی ناوەڕۆكی دووەم مادەی دەستوورییە كە رێگری لەهەر یاسایەك دەكات كە پێچەوانەی مافی و ئازادی تاك و پرەنسیپەكانی دیموكراتی بێت كە زامنی ئازادی ئاینەكانی كریستیان و ئێزدی و سابیئە و مەندائی كردووە.

سەرچاوە: عەین ئەلعێراق، راسد




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل