پەرلەمانی عێراق داوا لە دۆڕاوەكان دەكات ئامادەی دانیشتنی سبەی بن

:: PM:07:30:22/06/2022 ‌

بڕیارە سبەی پێنجشەم پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی شوێنگرەوە بۆ پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی رەوتی سەدر ساز بكات، سەرچاوەیەكی پەرلەمانی دەڵێت، سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوای لە كاندیدیە دۆڕاوەكانی زیاترین دەنگیان لە دوای براوەكانی هەمان بازنەی هەڵبژاردن كردووە، لە دانیشتنی سبەی پەرلەماندا ئامادە بن.
دەوڵەتی یاسا: شبەی یەكەم هەنگاو دەبێت بۆ كۆتاهێنان بە داخرانی سیاسی لە عێراق
سەرچاوەكە روونی كردەوە، بەپێی رێنوێنییەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان بە هەر 73 كاندیدی خاوەن زیاترین دەنگی راگەیاندووە، ئامادەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق بن بۆ سوێندخواردنی یاسایی، لە بری پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی رەوتی سەدر.

زیاتر گوتی، پێیان راگەیەندراوە سبەی پێنجشەم سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ سوێندی یاسایی، ئاماژەی كرد كە شەش لە كاندیدە شوێنگرەوەكان بەشداری لە دانیشتنەكە ناكەن و داوایان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كردووە بە لێخۆشبوونیان لەو هەنگاوە، ئەوەیش لەسەر داوای موقتەدا سەدر، كە پێشتر داوای لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكەی كردبوو نووسراوی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەیش بكەن و رەوتەكەی لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی دەكشێتەوە. 

لای خۆیەوە فازڵ مەوات، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گوتی، یەكەم هەنگاو بۆ كۆتاهێنان بە داخرانی سیاسی لە عێراق بە سوێندخواردنی شوێنگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانە، بۆیە ئێستە كاركردن لەسەر ئەو بابەتە هەیە لە دانیشتنی سبەی پەرلەمان، دوای ئەوە قەبارە و قورسایی هێزە سیاسییەكان لە پەرلەمان دەگۆڕێت، ئەوەیش بەرەو گۆڕانی نەخشەی هاوپەیمانی سیاسیمان دەبات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل