هەولێر هەڵمەتێك بۆ گرتنی چەكی بێ‌ مۆڵەت دەستی پێكردوە

:: PM:07:38:22/10/2016 ‌

لێژنەیەك لەشاری هەولێر پێكهێنراوە بەمەبەستی دەست بەسەر داگرتنی ئەو چەكانەی كە مۆڵەتی نیە و كەسی چەك هەڵگریش دەدرێت بە دادگا و دەستگیر ئەكرێت .

هۆگر عەزیز ئەندامی لێژنەكە گووتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بە "وشە"ی ڕاگەیاند " ئەم هەڵمەتە چەند ڕۆژێكە دەستی پێكردوە و چەندین شوێنی گشتی و كافتریا بەسەر كراونەتەوە و كەسانێكیش دەستگیركراون ".

گووتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت " لەم هەڵمەتە تا ئێستا چوار چەكمان دەست بەسەر داگرتوە و چوار كەسیش گیراون و دراونەتە دادگا لەگەڵ چەندین چەقۆ و كەل و پەلی شەڕ كردن وە بەردەوامیش ئەبین لەم هەڵمەتە ".

هۆگر عەزیز ئاشكرای دەكات، هەڵمەتەكە كافتریا و مەیخانەكان شوێنە گشتیەكان ئەگرێتەوە هەر كافتریایەك كەسی خوار 18 ساڵ كار پێبكات دادەخرێت وە شوێنەكانی فرۆشتنی مەی دوای كاتژمێر 10 كرابنەوە دادەخرێن ئەمەش بۆ زیاتر پاراستنی ژیانی خەڵكە .

گووتەبێژەكەی پۆلیسی هەولێر ڕاشیگەیاند، شاری هەولێر ئارامە و هیچ كێشەی نیە هاووڵاتیان ئەتوانن بەبێ‌ دڵ تەنگی ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێبكەن و سەرجەم هێزە ئەمنیەكان بەو پەڕی توانایان هەوڵ دەدەن بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان .



وشە / رامیار جواد



وشە - ڕێبین محه‌مه‌د