عێراق.. لەبەرانبەر 25 هەزار دینار منداڵەكانیان بەكرێ دەدەن

:: PM:09:14:02/07/2022 ‌

دۆخی عێراق روو لە خراپییە، هاوكات مانگانە وەزارەتی نەوت داهاتێكی زۆر گەورەی فرۆشتنی نەوت رادەگەیەنێت، بەڵام لە شەقام دۆخەكە بەجۆرێكی ترە، راپۆرتێك تیشك دەخاتە سەر خراپیی دۆخی بژێوی خەڵكی عێراق، بەتایبەتی دیاردەی سواڵكردن، دەڵێت، لە بەرانبەر بڕێك پارە منداڵ بەكرێ دەدرێتە سواڵكەرەكان.
مافیا و تۆڕەكانی سواڵكردن زیاتر ژن و منداڵ بەكاردێنن
راپۆرتەكە دەڵێت، دەسەلاتدارانی عێراق ئاماژە بۆ زیادبوونی مەترسیداری دیاردەی سواڵكردن لە پارێزگاكانی ئەو وڵاتە دەكەن، تا ئاستێك چەندان ماڵبات منداڵەكانیان بەكرێ دەدەنە تۆڕەكانی سواڵكردن لە بەرانبەر بڕێك پارەی رۆژانە، لەناو بوونی وریایی لەوەی حكوومەت ئەو دیاردەیە فەرامۆش بكات، كە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر كۆمەڵگە دەبێت.  

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە دیاردەی سواڵكردن لە بەغدا و پارێزگاكانی تر بووەتە جێی نیگەرانی، بەتایبەتی كە ژمارەی سواڵكەرەكانی تەمەن بچووك لە هەردوو رەگەز زیادی كردووە، عەمید غالب عەتیە، بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆمەڵگە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، دیاردەی سواڵكردن زۆر زیادی كردووە و گرنگترین هۆكارەكەیشی توندوتیژی خێزانییە، هەندێك ماڵبات هەیە لە بەرانبەر 25 هەزار دنیار بۆ رۆژێك، منداڵەكانیان دەدەنە سواڵكەرەكان. 

زیاتر گوتی، سێ جۆر سواڵكەر هەن، یەكەمیان هەژارە راستەقینەكانن، دووەم گەنجانن بەهۆكاری دەروونی وا دەكەن، سێیەمیش مافیا و باندەكانی سواڵكردنن، كە بەپێی ئامارەكان زۆرینەی سواڵكەرەكان لە جۆری یەكەمن، وەزارەتی ناوخۆیش چەندان جار وریایی لە بوونی مافیا و تۆڕی سواڵكردن داوە، ئەوان ژن و منداڵ بەكاردێنن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل