بانگخوازێكی سعوودی داوا لە پاشا دەكات ئێران بپلیشێنێتەوە

:: PM:01:38:23/10/2016 ‌

عائیز قەرەنی كە بانگخوازێكی دیاری سعوودییە، داوا لە پاشای وڵاتەكەی دەكات كە فەرمان بدات بە لەناوبردنی "ئێرانی مەجووس".

ئەو بانگخوازە سعوودییە، پێشتریش بە چەندان جۆر هەڵوێستی خۆی دژی ئێران دەربڕیوە كە لە كانگەی مەزەوییەوە تەماشای دەكات و بە بۆچوونی ئەو، شیعە كافرن و سیاسەتەكەشیان تەواوكەری سیاسەتی "مەجووس"ە كە بۆ وێرانكردنی خاكی عەرەب و موسڵمانان تێ دەكۆشن. لە گەشتێكیدا بۆ چین، ئەوپەڕی پشتیوانی خۆی بۆ شا سەلمان، پاشای سعوودیە دەردەبڕێ لەسەر ئەو پێشخستنەی بە سوپاكەی داوە و دەڵێ: "لبیك یا سلمان".

گەشتەكەی قەرەنی بۆ چین، لەگەڵ تیمێكی سوپای وڵاتەكەی بووە كە لەوێ خولێكی سەربازییان بینیوە و بە شیعر (ئەو بانگخوازە شاعیریشە) پەنا بۆ شا دەبات و دەڵێ: لێیان بدە، سەری ئەو مەجووسانە و كلكەكانیان بپلیشێنەوە. مێزەرە ڕەشەكانیان وەك ناخیان ڕەشە و هەمووی ڕەش لەسەر ڕەشە. خوا ڕووی خامنەیی گەورەكەیان ڕەش بكات".

جێی ئاماژەیە قەرەنی ساڵی پار لە وڵاتی ئەندەنووسیا تەقەی لێ كرا و لەلایەن حكوومەتی سعوودیەوە ڕاگەیەنرا كە كەسانێك بوون لە "قوم" ڕاهێنانیان پێ كراوە و ئاماژەیان بەوەش كرد كە بەڵگەیان هەیە.

سەرچاوە: CNN


وشە - كوردۆ شابان